خانه‌نشینان داوای دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن

بۆچوونی جیاوازیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازی هه‌یه‌

K24- هه‌ولێر:

دوای ئه‌وه‌ی پەرلەمانتاران خوێندنەوەی دووەمیان بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی كرد، کە خۆی لە رێکخستنی دەرماڵە و خانەنشینی پلە باڵا و ئیمتیازات و بەخشینەکان دەبینێتەوە؛ خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان رای تایبەتیان لەسەر پرۆژە یاساکە ھەیە و داوادەکەن، دوای ئەوەی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە دادپەروەری لە مووچە، خانەنشینی و دەرماڵەکان بکرێت.

مامۆستا ئەحمەد فه‌قێ، کە چوار زمان دەزانیت, تەمەنێکە خزمەتی پەروەردە و فیرکردنی کردووە و چەندین قۆناغی سەختی کۆمەڵایەتی و سیاسی تێپەراندووە. ئەو باس لە ئەزموونی خۆی و ژیانی رۆژانەی ئەمڕۆی دەکات، کە وەك  خانەنشینێك بەسەری دەبات.

مامۆستا ئه‌حمه‌د دەڵێت: لە شاری مھاباد و لە ناو ماڵی قازی محمد وانەم وتووه‌ته‌وه‌, ھەگبەکەی پڕە لەو بەخششەی پیشکەشی نەوەیەکی کردووە, ئەو تەنھا گرفتی موچەی خانەنشینیەکەی نیە کە بە شایستەی خزمەتی خۆی و ھاوڕێکانی نازانێت، بەڵکو نیگەرانیشە لە بارودۆخی خانەنشینان.

کۆبونەوەی دوو رۆژەی پەرلەمان بۆ خویندنەوەی دووەمی پرۆژەیاسای چاکسازی بووه‌تە باسی گەرمی ھاوڵاتیان بەگشتی و خانەنشینان بە تایبەتی، به‌دیاریكراویش ئەو بەشەی باس لە ماف و ئیمتیازاتی خانەنشینان و موچەکانیان دەکات.

ھاولاتیانی کوردستان لە ھەموو چین و توێژە جیاوازەکان بوونەتە چاودێری نوێنەرەکانیان لە ناو پەرلەمان، بۆ ئه‌وه‌ی مافەکانیان بە یاسا بۆ دەستەبەربکەن, داواش دەکەن دادپەروەری بچەسپینریت و جیاوازی نەکرێت لە نێوان موچەکانیان و مووچەی پلە بالاکان و ھەمووی به‌ یەکسان بکرێت.

H.B