پەیمانگای واشنتن: پێویستە ئەمریکا بایەخی زیاتر بە وزەی عێراق بدات

پەیمانگای  واشنتن لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا هاوتەریب لەگەڵ گۆڕینی ئاراستەی پەیوەندییەکانی لە عێراق لە بواری ئەمنییەوە بەرەو هاوبەشیی ئابووری، بایەخێکی زیاتر بە دۆسیەی وزە لەو وڵاتە بدات. ئەم هەنگاوە بەتایبەت لە کاتێکدایە کە سێکتەری نەوت و وزەی عێراق بەهۆی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران و ئاڵۆزییەکانی رێڕەوی هەناردەکردن لە گەرووی هورمز، رووبەڕووی ئاستەنگی پەرەسەندو بووەتەوە.

پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەیمانگاکە  لە راپۆرتەکەیدا روونیکردەوە، هەناردەی نەوت لە رێگەی بەسرە لە مانگی ئەیلولدا ئاستێکی نێوان 2.4 بۆ 2.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تۆمار کردووە. ئەم ئاستە بەراورد بەو قەبارەیەی لە مانگی ئاداردا بۆ کەمتر لە ملیۆنێک بەرمیل دابەزی بوو، هەروەها 1.3 ملیۆن بەرمیل لە مانگی تەممووزدا، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە هێشتا ئەم رێژەیە بەراورد بە ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ کە نزیکەی 3.4 ملیۆن بەرمیل بوو، زۆر کەمترە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا جموجۆڵی تانکەرەکانی نەوت لە هورمز بەهۆی جەنگەوە پەکیکەوت، بەڵام ئێستا هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرە بەشێوەیەکی دیار گەڕاوەتەوە. ئەم گەڕانەوەیە بۆ بەغدا هەواڵێکی ئەرێنییە، چونکە بودجەی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەتایبەتی بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی مووچەی گشتی کە بەردەوام روو لە زیادبوونە.

لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتەکە پێیوایە نیشانەکانی گەڕانەوەی هەناردە هێشتا بەشەکین و ناکرێت وەک چارەسەرێکی خێرا بۆ کێشە درێژخایەنەکانی وزە لە عێراق تەماشا بکرێن؛ ئەو کێشانەی کە رەنگە لێکەوتەکانیان ببنە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتیی جەماوەری یان گۆڕانکاری لە کابینەی حکوومەتدا. پەیمانگەکە جەختیکردەوە: "ئەم گەڕانەوەیە لە هەناردەی نەوتدا جێگەی پێشوازیکردنە، بەڵام هێشتا بەشەکییە، چونکە بەرپرسان تا ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەر بۆ کێشە فراوانەکانی دیکەی دارایی، کارگێڕی و ئەمنیی کە رێگرن لە بەردەم کەرتی وزەی عێراق".

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ئۆپێک، تا ئێستا نەیتوانیوە ئاستی هەناردەکردن لە رێگەی بەسرە بۆ قۆناغی پێش جەنگ بگێڕێتەوە. ئەگەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و رێڕەوە ئاوییەکانی دەوروبەری بەردەوام بن، ئاستی رۆیشتنی هەناردە بە ناجێگیری دەمێنێتەوە، بەبیر ئەوەی هێنایەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا لانی کەم 28 هێرش ئەنجامدراون.

سەبارەت بە رۆڵی ئەمریکا، راپۆرتەکە وەبیری هێنایەوە کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە 17ـی تەممووزدا لە کاتی ستایشکردنی گرێبەستە نوێیەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان گوتی: "مەودایەکی فراوان هەیە بۆ هاندانی پەرەپێدان لە عێراق، بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، کەمکردنەوەی پشت بەستن بە دراوسێ دوژمنکارەکان، و بەدیهێنانی ئازادی و خۆشگوزەرانی و وزەی زۆر بۆ دەوڵەتی عێراق".

لەگەڵ ئەوەشدا، پێشبینی دەکرێت سەکۆی نوێی غازی سروشتی شلکراوە لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسلێریت ئێنەرجی تا ناوەڕاستی ساڵی 2027 دەست بە کارەکانی بکات. راپۆرتەکە جەختی کردەوە، ئەم پڕۆژەیە دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی هاوبەشیی ئابووریی دووقۆڵیی فراوانتر، ئەوەش لە رێگەی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزەی عێراق و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە غازی ئێران.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی هانی دروستکردنی هێڵی بۆری بۆ وڵاتانی دراوسێ دەدەن، لەوانەش هێڵێک بۆ بەندەری بانیاسی سووریا، بەو ئامانجەی دەروازەیەکی دیکە بۆ هەناردەی باشووری عێراق دابین بکرێت و خۆ لە پشت بەستنی زۆر بە رێڕەوەکانی هورمز بەدوور بگیرێت. بەڵام هێشتا روون نییە ئایا بەغدا دەتوانێت بەسەر ئاستەنگە دارایی، سیاسی و بیرۆکراتییەکاندا زاڵ بێت کە لە رابردوودا رووبەڕووی پلانی راکێشانی بۆری بوونەتەوە، لە کاتێکدا پڕۆژەی هێڵی بۆری بەرەو سووریا چەند ساڵێکی پێویستە بۆ تەواوکردن.