سەرۆکی هەرێمی کوردستان: کابینەی نۆیەم هاوسەنگی راگرتووە و چاکسازییەکان ئەنجام دەدات

نێچیرڤان بارزانی: وەدەرنانی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەرژوەندی عێراق نییە

K24 – هه‌ولێر:

لە چاوپێکەتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەڵامی چەند پرسیارێک لەبارەی دۆخی عێراق لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و هەوڵەکانی بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەمەریکا دەداتەوە. هەروەها باس لە رۆلی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگرتنی هاوسەنگییەکان دەکات.

لەو چاوپێکەوتنە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، بڕیاری شیعیەکانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بەبێ تەوافق و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ کورد و سووننە کارێکی باش نییە و پێچەوانە دەستوورە.

راشیگەیاند، دەبێت ئێمە سەرەتا بپرسین، هێزەکانی ئەمەریکا بۆ لە عێراقن؟ ئەوان بە بانگهێشتی عێراق لە ساڵی 2014 و بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ جەنگی دژ بە داعش لێرەن. جێهێشتنیان کاریگەری لەسەر جەنگی دژ بە داعش دەبێت.

لە چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کابینەی ئێستای حکوومەت، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بە کایبینەیەکی هاوسەنگ لەقەڵەمداوە، سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کابینەکە توانیویەتی دوای داعش پەیوەندی تەندروست لەگەڵ بەغداد دروستبکات و دەستی بە ئەنجامدانی چاکسازیی کردووە و دەیەوێت کارەکانی بە باشی بکات.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیاش، دەڵێت، پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا باشن و سەرۆکی حکومەتیش کۆبوونەوەی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەییب ئەردوگان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبن.

داواش دەکات، کێشەکانی پەکەکە و تورکیا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و هیچ لایەنێک پەنا بۆ جەنگ نەبات.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە، ئەوان ناخوازن عێراق ببێتە مەیدانی جەنگ بۆ ئێران و ئەمەریکا، بەهێزی پەیوەندی بەغدا لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران بە گرنگ ناو دەبات. 

لەبارەی دۆخی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش، سەرۆکی هەرێم دەڵێت، ئەوان کۆنگرەیان ئەنجام داوە و لە کۆنگرەکەش لیژنەیان بۆ چارەسەکردنی کێشە ناوخۆییەکان پێکهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە کە سەرۆکایەتی پارتەکە دەکات.