سوودانی: گۆڕانکاریی وەزاری لە کابینەکەم دەکەم
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانکاریی وەزاری لە کابینەکەی ئەنجام دەدا.
محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی: قۆناغەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە، بۆیە گۆڕانکاریی لە وەزارەتەکان ئەنجام دەدەین، سوودانی گوتیشی: ئەم کارە بە واتای هەڵوەستە کردن بەرانبەر لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت نایەت.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی:"لە سەروبەندیی گۆرانکارییەکی وەزاریی داین، گۆڕانکارییەکە پشت بە هەڵسەنگاندن و کار دەبەستێت، ئەم پلانە بەشێکە لە کارنامەی کارکردنی حکوومەت و ئامانجەکانمان.
سوودانی گوتیشی: ئەم حکوومەتە حکوومەتی هاوپەیمانییە و هێزە سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیداری دەوڵەتی تێیدا بەشداربوون و لەسەر کارنامەکەی رێککەوتن، بۆیە گۆڕانکاریی سیاسیی هەڵوەستە نییە بەرانبەر فراکسیۆن و پارتێکی دیاریکراو، وەکو چۆن هەڵوەستەش نییە بەرانبەر ئەو کەسانەی کارمان لەگەڵیاندا کردووە، بەڵکو ویستی گەیشتنە بە ئەدایەکی باشتر بۆ بەجێگەیاندنی ویستی قۆناغەکە و چاوەڕوانیی هاووڵاتییان".