یەکێتی ئەوروپا دژی رووسیا و چین هاتە دەنگ

بەهۆی کۆرۆنا رەخنە لە هەردوو وڵات دەگرێت

K24- هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا، یەکێتی ئەوروپا، رووسیا و چین بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتبار دەکات.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکی ئاماژەی بەوەکردووە، چەند وڵاتێک بە تایبەت رووسیا و چین، لە چەند کەمپینێک و ئۆپەراسیۆنێکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و یەکێتی ئەوروپا تێوەگلاون.

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، مەبەست لەو جۆرە کارانە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروستە تاوەکو زیان بە چەند لایەنێک بگەیەنرێت.

داواش لە کۆمپانیاکانی فەیسبووک، تویتەر، گووگڵ و یوتیوب دەکات، کاری زیاتر بۆ  رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە کارانە بکات چونکە زانیارییە هەڵەکان، زیانیان بە تەندروستی خەڵک و دامەزراوە تەندروستییەکان گەیاندووە.

پێشتریش ئەوروپا چەند وڵاتێکی بەوە تۆمەتبار کردبوو، بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەیانەوێت دەستێوەردان لە کارەکانی یەکێتی ئەوروپا بکەن.

DW