لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لە بارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی خانەقین هاتە دەنگ

بەرپرسیارەتی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق

K24- هەولێر:

لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی خانەقین هاتە دەنگ.

لە پەیامێکدا، لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، بەرپرسیارەتی دۆخی ئەمنی خانەقین و ناوچەکە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.

داواش دەکات، هەرچی زووترە لایەنە کوردستانییەکان ململانێکانیان وەلا بنێن و دۆخی ناوچەکە چارەسەر بکەن.

شەوی رابردوو، چەند چەکدارێک هێرشیانکردە سەر هاووڵاتیانی کوردی گوندی دارای سەر بە قەزای خانەقین، بەهۆیەوە حەوت هاووڵاتی شەهید بوون و پێنجی دیکەش برینداربوون.

دەقی پەیامەکەی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم:

ماوەی ڕابردوودا شانە چەكدارییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دوای خۆڕێكخستنەوەیان، بە سوود وەرگرتن لە كێشە سیاسییە نەبڕاوەكانی عێراق و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم درووست بووە، جموجوڵەكانیان زیادی كردووە و ھاوڵاتیانی كورد و خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچانەیان كردوەە بە ئامانجی سەرەكی كردەوە تیرۆریستییەكانیان.

لە دوایین كردەوەی تیرۆریستیدا، بەداخەوە لە شەوی 13 لەسەر 14ی 6ی 2020، گروپێكی تیرۆریستانی داعش ھەڵدەكوتنە سەر گوندی (دارا)ی سەر بە قەزای (خانەقین) و 7 ھاوڵاتی كورد شەھید دەكەن و 5 كەسی تریش بریندار دەكەن.

ئێمە لە لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەرپرسیاریەتی ئەو كردەوانە دەخەینە ئەستۆی حكومەتی عێراق و ھێزەكانی سوپای عێراق بە ھۆی كەمتەرخەمییان لە ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانە.

داواكارین لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە لە پێشینەی خاڵەكانی گفتوگۆكردن و دانوستاندن بێت لەگەڵ حكومەتی عێراق و كار بكرێت بۆ دروستكردنی ھەماھەنگی پێویست لە نێوان ھێزەكانی سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و ھاوپەیمانان، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە ھەیە.

ھەروەھا بە پێویستی دەزانین داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەین، ھەرچی زووترە ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن و لەبری سەرقاڵبوون بە پرسە لاوەكییەكان، ھەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ ڕێگریكردن لە بەردەوامی دۆخی ناھەمواری ئەو ناوچانە.

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمان.