لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هۆکاری دابەش نەکردنی مووچە نازانین

.

K24 - ھەولێر

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرەڕای بوونی کاشی پێویست لە بانکەکان، بەڵام هۆکاری درەنگ کەوتنی مووچە فەرمانبەرانی عێراق تاوەکو ئێستا بۆ لیژنەکەیان روون نەکراوەتەوە.

سەفار راشیگەیاند، دەبوایە لە سەرەتای دەرچوونی بڕیاری قەرزی ناوخۆ و دەرەکی مووچە دابەش بکرایە، چونکە بڕیارەکە لەو کاتەی دەنگی لەسەر دراوە کاری پێدەکرێت، هەروەها حکوومەتیش وەزارەتی دارایی راسپاردووە بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕی نەختینە لە بانکەکان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانن بۆچی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق خەرجی ناکات.

ئەمە لە کاتێکدایە چوارشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆ و دەرەکی پەسەند کرد، و بواری بە حکومەتدا بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بکات.