لە لووتکەی ریازدا هیچ بڕیار لەبارەی پلانی جێگیرەوە بۆ پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ نەدراوە

لووتکەی عەرەبی بچووکراوە  بە ئامادەبوونی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە ڕیاز بەڕێوەچوو، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سعوویە، لە لووتکەکەدا بڕیار لە هیچ پلانێکی جێگیرەوە بۆ پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ نەدراوە.

ئاژانسی هەواڵی سعوویە شەممە 22ـی شوباتی 2025 بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ هەینی لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە لەسەر ڕاسپاردەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە لووتکەی عەرەبی بچووکراوە لە بارەی تازەترین پێشکەوتنەکانی غەززە بەڕێوەچوو.

لە لووتکەکەدا ، هەریەک لە شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن ،  شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارت، ، شێخ میشال ئەحمەد سەباح، میری کوەیت، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و  سەلمان بن حەمەد خەلیفە شازادەی جێنشینی بەحرەین، بەشدارییان کرد.

هەرچەندە وڵاتانی عەرەبی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپیان لەبارەی ڕاگواستنی خەڵکی غەززە ڕەت کردووەتەوە و دەیانەوێت پلانێکی جێگرەوەی بۆ بدۆزنەوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی سعوودیە بڵاوی کردووەتەوە، لە لووتکەکەدا هیچ پلانێکی جێگرەوە بۆ پێشنیازەکە نە کراوە.

ئاژانسی هەواڵی سعوودیە ڕاشیگەیاندووە، وڵاتانی عەرەبی پێشوازی لە لووتکەی بەپەلەی میسر دەکەن کە بڕیارە لە 4ـی ئاداری 2025 بەڕێوەبچێت.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووتەوە، لە لووتکەکەدا، پێشنیازی میسر لەبارەی پێشکەشکردنی 20 ملیار دۆلار لە ماوەی سێ ساڵدا لەلایەن وڵاتانی عەرەبی بۆ بنیاتنانەوەی غەززە تاوتوێکراوە، بەڵام بڕیارەکە پەسەند نەکراوە.

بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، سەرکردەکانی وڵاتانی سعوودیە، میسر، ئیمارات، قەتەر و ئوردن،  بەشداریی لە لووتکەی  ڕیاز بکەن بۆ گەیشتن بە وەڵامێک لەبارەی  پلانی ترەمپ سەبارەت کەرتی غەززە و ئاوارەکردنی دانیشتووانەکەی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی میسر و ئوردن.