هەرێمی کوردستان.. ڕێژەی قەرەبووکردنەوەی زەوی لەلایەن حکوومەتەوە دیاریی کرا
دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای سلێمانی خێراتر دەکرێت و ڕێژەی قەرەبووکردنەوەی زەوی لەلایەن حکوومەتەوە دیاریی دەکرێت.
یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، سەربەست مەولوود، بەرپرسی هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای سلێمانی خێراتر دەکرێت و پڕۆسەکە بەردەوامە، ڕاستە چەند کێشەیەکی هونەری هەبوون لەو سنوورە، بەڵام لە ئاییندەیەکی نزیکدا چارەدەکرێن.
سەبارەت بەو زەوییە کشتوکاڵییەکان، سەربەست مەولوود، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو زەوییەی لەلایەن هاووڵاتییەوە بەکار هێنرابێت، حکوومەت بە ڕێژەیی 12% قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر زەوییەکە گرێبەستی کشتووکاڵی بێت بەڕێژەیی 3% قەرەبووی زەویی دەکرێتەوە.
سەربەست مەولوود، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییەی زەوییەکەی لە باب و باپیرانەوە بۆی مابێتەوە و بەکاری هێنابێت و بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکی نەبێت، ئەوا لە 2% قەرەبوو دەکرێتەوە.
ساڵی ڕابردوو دابەشکردنی زەوی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکرد و لە قۆناغی یەکەم دا نزیکەی 10هەزار فەرمانبەر، سوودمەندبوون.