سوپرایزێكی شۆكهێنەر لەبارەی ڤینسیۆس و ئێمباپێ

پەیوەندییەكانیان باش نییە و كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی ریال مەدرید دروست كردووە

ڤینسیۆس جۆنیۆر و كلیان ئێمباپێ بە درێسە سپییەكەی ریال مەدرید
ڤینسیۆس جۆنیۆر و كلیان ئێمباپێ بە درێسە سپییەكەی ریال مەدرید


رۆژنامەنووسێكی ئیسپانیا ئاشكرای كردووە پەیوەندی نێوان كلیان ئێمباپێ و ڤینسیۆس جۆنیۆر تادێت بەرەو خراپی دەچێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم دوو یاریزانە لە یاریی رابردوویان بەرامبەر رایۆ ڤاییكانۆ هەریەكەیان گۆڵێكیان كرد و سەركەوتنیان بۆ ریال مەدرید بەدەستهێنا.
ئانتۆن مینا، رۆژنامەنووسێكی ناوداری ئیسپانیایە، لە دوای یارییەكەی دوێنێی ریال مەدرید رایگەیاند پەیوەندی نێوان ڤینسیۆس و ئێمباپێ بەهێز نییە، دەشڵێت: راستە ئەوان دوژمنی یەكتر نین، بەڵام هیچ پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی و برایەتی لەنێوانیاندا نییە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی ریال مەدرید دروست كردووە، پێش یارییەكەی دوێنێ، كاتێك ریال مەدرید بەرامبەر ریال بێتیس دۆڕا، ئێمباپێ و ڤینسیۆس نەیانتوانی بەشداریی لە هیچ گۆڵێك بكەن، بە هەمان شێوە لە چامپیۆنزلیگیش بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ مەدرید كاتێك یارییەكە (2 ـ 1) لە بەرژەوەندی ریال مەدرید كۆتایی هات، ڤینی و ئێمباپێ نەیانتوانی گۆڵ بكەن، پێش ئەوەش لە جامی شای ئیسپانیا كاتێك ریال مەدرید بە گۆڵێكی بێوەڵام لە ریال سۆسیدادی بردەوە ئەم دووانە نەیانتوانی بەشداریی لە گۆڵكردن بكەن.
ئانتۆن مینا لە درێژەی لێدوانەكانی بۆ رادیۆی كادینا سێر، جەختی لەوە كردووە، ڤینی و ئێمباپێ لەنێو یاریگە یەكتر تەواو ناكەن و بەدوای یەكتر ناگەڕێن و یەكتریش نادۆزنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئێمباپێ لەم وەرزە 18 گۆڵی كردووە، لە بەرامبەردا ڤینسیۆس خاوەنی 10 گۆڵە.
یانەی ڕیال مەدرید بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ بۆ پلەی دووەم سەركەوتووە و بە جیاوازی گۆڵ لە دوای بارسێلۆنا پێشەنگە، بەڵام یانە كەتەلۆنییەكە ڕۆژی شەممە یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا ئەنجام نەدا بەهۆی گیانلەدەستدانی لەناکاوی پزیشکی یانەكەی. لە لایەكی دیكەیشەوە، تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی سوودی لە دۆڕاندنی ئاتڵێتیكۆ مەدرید بەرامبەر خیتافی وەرگرت، کە ڕکابەرە سەرەکیەکەی بۆ پلەی سێیەم دابەزی و خاڵێک لەدوای خۆیەووە بەجێما.