عێراق كاتی پابەندبوونی تەواوەتی خۆی بە كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشكرا كرد
لە ماوەی 3 مانگی داهاتوودا قەرەبووی بەرهەمهێنانی نەوتی 2 مانگی رابردووش دەكاتەوە
K24- هەولێر:
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق كاتی پابەندبوونی تەواوەتی وڵاتەكەی بە رێكەوتنی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیەی راگەیاند.
لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، "گفتوگۆی نێوان هەردوو وەزیرانی عێراقی و سعوودی تایبەت بوو بە بازاڕەكانی نەوت، زیادبوونی خواستی جیهان لەسەر نەوت و میكانیزمی كاركردن بەگوێرەی رێكەوتنی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت".
لە كۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەشدا هەردوو وەزیرەكان بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، "هەریەك لە شانشینی عەرەبی سعوودی و كۆماری عێراق جەخت لەسەر پابەندبوونی تەواوەتی خۆیان بە رێكەوتنی ئۆپیك دەكەنەوە، لەم چوارچێوەیەشدا وەزیری وزەی سعوودیە عێراقی لە كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت سەرپشك كردووە، كە بەگوێرەی داتاكان مانگی 6ی ئەمساڵ عێراق بە رێژەی 90% پابەندی ئەو رێكەوتنە بووە".
بەیاننامەكە باسی ئەوەش دەكات، "وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كردووە، لە مانگی داهاتوو وڵاتەكەی بە رێژەی 100% پابەندی ئەو رێكەوتنە دەبێت و لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا قەرەبووی ئەو زیادە بەرهەمهێنانەش دەكاتەوە، كە لە دوو مانگی رابردوو هەیبووە".
هەردوو وەزیرەكان جەختیشیان كردەوە، ئەو هەنگاوە نرخی نەوت لە بازاڕی وزەی جیهان سەقامگیر دەكات.
H.B