هاکان فیدان: تورکیا ئامادەیە گەرووی هورمز لە مین پاک بکاتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین بکات، بەو مەرجەی ئەمریکا و ئێران بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتی. فیدان ئەم هەنگاوەی وەک ئەرکێکی مرۆیی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا دەیەوێت بارودۆخی گەرووەکە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

شەممە 25ـی نیسانی 2026، هاکان فیدان, وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان لە لەندەن رایگەیاند، ئەنقەرە بە ئەرێنی سەیری پڕۆسەی لابردنی مینە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز دەکات، "چاوەڕوان دەکرێت دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی، تیمێکی تەکنیکی لە وڵاتانی جیاواز دەست بکەن بە پاککردنەوەی گەرووەکە، تورکیاش ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن لەم ئەرکەدا."

هاکان فیدان جەختی کردەوە، بەشداریکردنی تورکیا تەنیا بۆ مەبەستی تەکنیکی و مرۆییە، نەک سەربازی، هۆشداریشی دا، "ئەنقەرە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە ئۆپەراسیۆنێکدا ناکات کە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتەکەی وەک لایەنێک لە ململانێیەکی نوێدا ببینرێت. ئەگەر هەر هاوپەیمانێتییەکی تەکنیکی لە ئایندەدا بەرەو لایەنگیری یان جەنگ بڕوات، تورکیا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیدا دەکاتەوە."

وەزیری دەرەوەی تورکیا گەشبینیی خۆی نیشان دا، کێشەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی پاکستاندا چارەسەر بکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی تورکیا گەڕانەوەیە بۆ دۆخێک کە تێیدا گەشتی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بە سەلامەتی و بەبێ وەرگرتنی باج و رسومات بێت.