کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سبەی دواخرا

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆی ناکۆکیی نێوان مالیکی و سوودانی دواخرا

دوای زنجیرەیەک لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕ و نەگەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریاندا کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەیان بۆ رۆژی یەکشەممە دوابخەن.

لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی و دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جارێکی دیکە ناڕوونی باڵی کێشا بەسەر نێو ماڵی شیعەدا. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بڕیار درا کۆبوونەوەی فراوان و چارەنووسسازی سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە بڕیار بوو ئەمشەو بەڕێوەبچێت، بۆ سبەی یەکشەممە دوابخرێت.

ئەم دواخستنە دوای ئەوە هات کە کۆبوونەوەیەکی تایبەت و گرنگ لە نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەبێ گەیشتن بە هیچ رێککەوتنێک، کۆتایی هات.

بڕیار وایە لە کۆبوونەوەی سبەی یەکشەممەدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە بژاردەی نوێوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، تاوەکو بگەنە کاندیدێکی سازان کە جێگەی رەزامەندی زۆرینەی لایەنەکان بێت.

پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، ئەمەش گەورەترین فراکسیۆن دەخاتە بەردەم وادەیەکی دەستووری کە لە 26ـی نیسانی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی کاندیدەکەیان پێشکەش بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسیی ئەوە دەکرێت دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفری چەقبەستوویی سیاسی.