"نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە عێراق هەن"

وەزیری دارایی: بەهۆی زۆری داهاتی نەوت کەس دەستی بۆ نەبردووە

K24 – ھەولێر

وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای كرد، نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە عێراق هەن. هۆشداریش دەدات کە قەیرانی ئابووری کێشەی ئەمنی  و ئاسایش لە وڵاتەکە زیاتر دەکات.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بۆ فاینانشیاڵ تایمز رایگەیاندووە، چاکسازی ریشەیی تاکە چارەسەرە بۆ ئەوەی وڵات لە کارەسات بپارێزین، کە بەهۆی پشت بەستن بە سامانی نەوت وڵاتەکە تێی کەوتووە.

وەزیری دارایی عێراق هۆشداری لە لێکەوتە ئەمنییەکان دەدات، ئەگەر زوو چارەسەری ریشەیی بۆ دۆخەکە نەدۆزرێتەوە، بە جۆرێک دەرهاویشتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەیرانی وڵاتەکە قوڵتر دەکاتەوە، سەرەڕای دەرهاویشتەکانی داکەوتنی نرخی نەوتی لەسەر داهاتی دەوڵەت.

لەبارەی فەرمانبەرە بندیوارەکان کە بونییان نییە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت، و مووچەشیان بۆ بڕاوەتەوە، وەزیری نەوت روونیدەکاتەوە، ئەو بابەتە بەهۆی زۆری داهاتی نەوت کەس دەستی بۆ نەبردووە و ژمارەیان بۆ 300 هەزار مووچەخۆر بەرزبووەتەوە.