ستارمەر: پێویستە قاچاخچییەکان وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت

کییەر ستارمەر
کییەر ستارمەر

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە لوتکەی ئاسایشی سنوور ئەمڕۆ دووشەممە، 31-03-2025، بە فەرمی دەست بە کارەکانی کرد گوتی: پێویستە قاچاخچییەکان وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بە ڕژدی ڕێکارەکانیان بەرامبەر بگیرێتە بەر.

 کییەر ستارمەر گوتی: دەمانەوێت کۆچ کۆتایی بێت، پێویستە سنوورەکانمان لە ئەورووپا و ئەودیوی ئەورووپاش تۆکمە بکەین بۆ ئەوەی گیانی هەزاران هاووڵاتی بپارێزین، پێویستە زانیارییە هەواڵگرییەکان لەوبارە پێش بخەین.

ستارمەر ئاماژەی بەوە کرد، بەریتانیا زۆر ڕژدە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کاردەکات و پلانی نوێ دادەڕێژن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی، بەتایبەت لەگەڵ فەرەنسا کە چاودێری ئەو بەلەمانە دەکەن کۆچبەران دەگوازنەوە، لەگەڵ ئەڵمانیاش هاوکاریی دەکەن بۆ ئەوەی قاچاخچییەکان ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

گوتی: سەدان پۆلیس و پیاوانی تایبەت و شارەزا و هەواڵگری، هێزێکی تۆکمەی سنووری دروست دەکەن کە بۆ دوو ساڵ 150 ملیۆن پاوەندیش پشتیوانی کراون بۆ ئەوەی پلانەکە جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی چیتر مەرگ و مردن لە کەناڵی ئینگلیزیدا نەبینین.

لەبارەی پرسی ناردەنەوەی پەنابەرانیش بۆ ڕواندا، کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتی: پرسی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا کە 7 ملیۆن پاوەندەی لە باجی گشتی هاووڵاتیانی بەریتانیا بۆ تەرخان کراوە، پێویستە خۆویستانە بێت، ڕەنگە 300 کۆچبەری نا یاسایی بگەڕێندرێنەوە، گوتیشی: 24 هەزار کەسمان ناردەوە وڵاتەکانیان کە هیچ مافێکی مانەوەیان نەبوو، دەمانەوێت ئاسانکاری بۆ ئەوانەش بکەین کە خۆ ویستانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، تاوانبارە پەناخوازەکانیش جیا دەکەینەوە و دەیانگەڕێنینەوە وڵاتەکانیان، چونکە هیچ مافێکیان نییە لە بەریتانیا بمێننەوە.

ستارمەر هۆشداریی دایە کۆچبەران و گوتی: پێویستە دووجار بیر بکەنەوە بەر لەوەی کۆچ بکەن، بیر لەو مەترسیانە بکەنەوە کە لەو ڕێگەیە دووچاری دەبنەوە.

ستارمەر ئاماژەی بەوە کرد، قاچاخچییەکان ڕێز لە سنوورەکان ناگرن، ڕێز لە سەروەری و ئەو هاووڵاتیانەش ناگرن کە دەیانگوازنەوە، ڕێز لە وڵات و خەڵکی ئەوانیش ناگرن، گوتی: ئەوان تەنها گرنگی بە پارە دەدەن و ڕێز لە پارە دەگرن، ئەوان قازانجێکی زۆر دەکەن بەهۆی تاڵکردنی ژیانی خەڵکی.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتی: ئەو بەلەمانەی ماوەیەک پێش ئێستا نقوم بوون، من پێم وایە بەلەم نەبوون، بەڵکو تەڵەی مەرگ بوون، هیچ کەسێک ڕێگە نادات بۆ یاریی کردنیش منداڵەکانی سەر ئەو بەلەمە بکەون.

ئاماژەی بەوەشکرد، 18 هەزار هەژماری ئەلیکترۆنیان داخستووە کە پەرەیان بە کاری قاچاخچێتی داوە، سزای ئەو کەس و دامەزراوانەشیان داوە کە پاڵپشتی کاری قاچاخچێتی دەکەن.

کییەر ستارمەر ئاشکرای کرد، بەریتانیا پێشتر زۆر نەرم بووە لەگەڵ کۆچی نایاسایی و دەرگاکانی کراوە بوونە بۆ پەنابەرانی نا یاسایی، گوتی: کۆمپانیاکان کاری زۆر زیاتریان و بە پەنابەران دەکرد، بەڵام حکوومەتی بەریتانیا ئێستا زۆر بە وردی چاودێری هەلیکار و شێواز و کاتژمێرەکانی کارکردنی پەنابەران دەکەن، ئەو کۆمپانیا و خاوەن کارانەشی پابەندی ئەو بڕیارانە نابن کە دایان دەنێن، پێنج ساڵ زیندانیان بۆ دەردەچێت، سەرباری داخستنی کارەکانیان.

لوتکەی ئاسایشی سنوور ئەمڕۆ دووشەممە، 31-03-2025، بە فەرمی دەست بە کارەکانی کرد و دوو ڕۆژ دەخایەنێت. وەزیرانی ناوخۆ و داد و بەرپرسانی ئاسایشی سنووری ژمارەیەکی زۆری وڵاتان تێیدا بەشدا دەبن. 

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی بەریتانیا، بەشداریی لە لووتکەی ئاسایشی سنوور لە لەندەن کردووە.