زیانەكانی مووشەكبارانەكەی سەربازگەی تاجی راگەیەندران

زیانی زۆری ماددی بە چەك و جبەخانەی عێراق گەیشت

K24- هەولێر:

لە راگەیەندراوێكدا دوای مووشەكبارانەكەی سەربازگەی تاجی لە باكووری بەغدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی زیانەكانی راگەیاند.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "سەربازگەی سوپای عێراق لە تاجی بە 3 مووشەكی جۆری كاتیۆشا كرایە ئامانج، كە لە ناوچەی "سبع البور"ـەوە هەڵدرابوون. مووشەكەكان بەر پێگە سەربازییەكانی عێراق كەوتن، مووشەكی یەكەم بەر پۆلی پارزدەهەمی فڕۆكەوانی سوپا كەوت و زیانی زۆر بە یەكێك لە فڕۆكەكانی سوپا گەیشت، مووشەكی دووەمیش بەر كارگەی درووستكردنی تۆپ و چەك كەوت و زیانی ماددی زۆری بەدواوە بوو. لەكاتێكدا سێیەم مووشەك بەر پۆلی دووەمی فڕۆەكانی سوپا كەوت، بەڵام نەتەقییەوە".

لە راگەیەندراوەكەدا جەختیش كراوەتەوە، "هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە و رادەستكردنیان بە یاسا و بەردەوام دەبێت، لەپێناو بە سزاگەیاندنیان و دەستەبەركردنی سەروەری عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی بەرۆكی وڵاتەكەمانی گرتووە".

پێشتر هەر ئەمشەو میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، سەربازگەی تاجی لە باكووری بەغدا مووشەكباران كرا و 3 مووشەك بەر سەربازگەكە كەوتن.

وەك ئاماژەیان پێدا، دوای مووشەكبارانەكە فڕۆكەكانی ئەمەریكا بە چڕی ئاسمانی ناوچەكەیان تەنی.

جێگای ئاماژەیە ماوەی چەند مانگێكە ئەو سەربازگەیە كە لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە بەكاردەهێنرێت و چەند ناوچەیەكی دیكەی وەك باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەی سەوز بە گشتی، بە شێوەیەیەكی پچڕ پچڕ دەكرێنە ئامانج، دەسەڵاتدارانی عێراقیش بەردەوام بەدوای سەرچاوەكانی هەڵدانی ئەو مووشەكانەدا دەگەڕێن، بەڵام تا ئێستا لە دۆزینەوەی ئەنجامدەران سەركەوتوو نەبوونە.

H.B