وۆڵ ستریت جۆرناڵ: لێکترازانی سەرکردەکانی ئێران دانوستانەکانی پەکخستووە

ئاڵای ئەمریکا و ئێران
ئاڵای ئەمریکا و ئێران

لێکترازان و ناکۆکییەکانی نێو سەرکردایەتیی ئێران بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە بەردەم پێشکەوتنی پرۆسەی دانوستانەکان و وڵاتانی نێوەندگیریش نیگەرانن، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەندامێکی شاندی دانوستانکار بە ئاشکرا رەخنەی لە سەرۆکی شاندەکە گرتووە.

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، نێوەندگیرەکانی پرۆسەی دانوستانەکان زۆر نیگەرانن لەو ناکۆکییانەی لەناو سەرکردایەتیی ئێراندا هەیە.

 بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و مەحموود نەبەویان، ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئێران، دوو نموونەی دیاری ئەو ململانێیە ناوخۆییەن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە دا، ژمارەیەک لە سەرکردەکان دژی ئەو شێوازە دەوەستنەوە کە قالیباف بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان پەیڕەوی دەکات. وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی درزێکی گەورە لەناو خودی تیمەکەدا، نەبەویان بە ئاشکرا و بە فەرمی رەخنەی لە شێوازی سەرکردایەتیکردنی سەرۆکی پەرلەمان گرتووە لە پرۆسەکەدا.

ئەم پێشهاتانە دەریدەخەن، باڵی ناوخۆیی ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆکان یەکدەنگ نین، ئەمەش وای کردووە وڵاتانی نێوەندگیر بە گومانەوە بڕواننە سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان لەم قۆناغەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە، چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچێت؛ بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی تاران، لە سەرووی هەمووانەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکار، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی بە فەرمی رانەگەیاندووە و بەردەوام رەتیدەکەنەوە هیچ رێککەوتنێک بۆ سازکردنی دانوستانەکە کرابێت. 

شەوی رابردوو (هەینی، 24ـی نیسان)، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیسلام ئاباد و لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی سیاسیی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. 

عێراقچی تا ئێستا بە فەرمی راینگەیاندووە، ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئیسلام ئاباد، بەشداریکردنە لە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشكی سپی، رۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، رۆژی شەممە، 25ـی نیسان، دەگەنە پاکستان. 

لەبارەی بەشداریکردنی جەی دی ڤانسیش، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، گوتەبێژی کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە، "ئەگەر دانوستانەکان تا رادەیەکی باش بەرهەمدار بوون، ڤانسیش بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانوستانەکان سەردانی ئیسلام ئاباد دەکات".