ترەمپ: ئەگەر زێلێنسکی ئاشتی نەوێت، هەموو وڵاتەکەی لە دەست دەدات

دۆناڵد ترەمپ، جارێکی دیکە سەرۆکی ئۆکرانیا وەک ئاستەنگ لە بەردەم ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا دەناسێنێت و ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو سەرکردەیە قورسە، گوتیشی ئەگەر ئاشتی نەوێت، دەتوانێت بەردەوامیی بە شەڕەکەی بدات تاوەکوو هەموو وڵاتەکەی لە دەست دەدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، لە بارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیان نووسیویەتی: لەگەڵ مۆسکۆ نزیکین لە  ڕێککەوتن، بەڵام ڕێککەوتن لەگەڵ زێلێنسکی لەوە قورسترە کە بیرم لێ دەکردەوە، بەڵام دەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیاش ڕێک بکەوین.

هەروەها ئاماژەشی داوە، هیچ بەرژەوەندییەکی لەگەڵ ڕووسیا نییە، تەنیا دەیەوێت ڕێگریی لە کوژرانی هەزاران سەربازی ڕووس و ئۆکرانی بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هەرێمی کریمیا و لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە بارەی دان پێدانەنانی کریمیا وەکوو هەرێمێکی سەر بە ڕووسیا، زیان بە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵە وڵاتەکەیان دەگەینێت و ئاستەنگ دروست دەکات.

گوتیشی: هەرێـمی کریمیا لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباماوە لە دەست دراوە، شتێک نییە دانوستانی لە بارەیەوە بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوەش کردووە، هیچ کەسێک داوای لە زێلێنسکی نەکردووە کریمیا وەکوو هەرێمێکی سەر بە ڕووسیا بناسێنێت، بەڵام ئەگەر ئەوان ئەو هەرێمەیان دەوێت، بۆ 11 ساڵ بەر لە ئێستا شەڕیان بۆ نەکرد؟

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، سەرۆکی ئۆکرانیا ئارەزوی خۆیەتی، دەتوانێت ڕێک بکەوێت و کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت، یانیش دەتوانێت بەردەوامیی بەشەڕەکەی بدات تاوەکوو هەموو وڵاتەکەی لە دەست دەدات.

پێشتر ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاوی کردبووە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە کاتی سەردانەکەی پێشووی ستیڤ ویتکۆف بۆ مۆسکۆ، داواکارییەکانی ڕووسیای بۆ ڕاگرتنی جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا بە ئیدارەی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە.

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، سەرۆکی ڕووسیا بە نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەراست ڕاگەیاندووە، ڕووسیا ئامادەیە پاشەکشە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بکات، بەو مەرجەی ئەمەریکا هەرێمی کریمیا وەکوو هەریمێکی ڕووسیا بناسێنێت و بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ.

هەر لەسەر پرسی ئاگربەست و ئاشتی جەنگی ڕووسیا – ئۆکرانیا، پێشتر، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئۆکرانیا و ڕووسیا بیانەوێت ڕێک بکەون، دەبێت لە بەشێک لە ناوچە و هەرێمەکانیان خۆشبن.