مارکۆ ڕوبیۆ: هەفتەی داهاتوو ئەمەریکا بڕیار لە بەردەوامبوونی لە نێوەندگیری ئۆکرانیا و ڕووسیا دەدات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایەگەیاند، هەفتەی داهاتوو، هەفتەیەکی گرنگ دەبێت بۆ بەردەوامبوونی ئەمەریکا لە نێوەندگیری ئۆکرانیا و ڕووسیا و کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیان.

یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ئەمەریکا هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا دەکات و بڕیار لەسەر بەردەوامبوونی لە پرۆسەکە دەدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: هەفتەی داهاتوو، هەفتەیەکی چارەنووسساز دەبێت بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا.

ڕوبیۆ ئاماژەشی داوە، ئۆکرانیا و ڕووسیا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئێستا زیاتر لە گەشتنە ڕێککەوتن نزیکن.

هەروەها باسی لەوەش کرد، سزامان بەسەر ڕووسیا نەسەپاند، چونکە دەمانەوێت لایەنەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی لێک نزیک بکەینەوە.

ڕۆژی شەممە 26ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس ڕەخنەی لە سەرۆکی رووسیا گرت و نووسیوبووی: هیچ پاساوێك بۆ پوتن نییە ناوچەکانی هاووڵاتییان بۆردومان بکات، بەتایبەت ئەو هێرشانەی ئەو چەند ڕۆژه‌ی ڕابردووی مۆسکۆ بۆ سەر ناوچە مه‌ده‌نییه‌كان ئەنجام دابوو. گوتیشی: ئەو هێرشانە وام لێ دەکات بیر بکەمەوە کە  ڤلادیمێر پوتن نایەوێت ئەو جەنگە کۆتایی پێ بهێنرێت.