ئیسرائیل باشووری بەیروتی بۆردومان کرد

سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە باشووری بەیروتی بە چڕی بۆردومانکرد، ئەمەش دوای ئەوەی هۆشداری دا ناوچەکە چۆڵ بکەن.

یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە سەر ڕێنەمایی بنیامین ناتایاهۆ، سەرۆک وەزیران و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری وڵاتەکەی ژێرخانیکی حزبوڵڵایان لە باشووری بەیروت بە چڕی بۆردومانکرد.

گوتیشی: حزبوڵڵا ئەو باڵەخانەیی وەکوو کۆگایەک بۆ هەڵگرتنی مووشەک بەکار هێناوە، ئاماژەشی داوە، ڕێگە بە حزبوڵڵا نادەین خۆی بەهێز بکات و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەیان و ناوچەکانی دەوروبەر، هاوکات حکوومەتی لوبنانیش دەبێت ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵبگرێت.

هاوکات ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کاتژمێرێک دوای هۆشدارییەکەی گوتەبێژی سوپایی ئیسرائیل بۆ هاووڵاتیانی باشووری شارەکە دێت. 

ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریی دایە دانیشتووانی باشووری بەیروت و نووسیویەتی: بەهۆی هێرشەکانمان بۆ سەر دامەزراوەکانی حزبوڵڵا، داوای لە خەڵکی گەڕەکەکانی باشووری بەیروت دەکەم، بەتایبەت گەڕەکی حەداس، چۆڵ بکەن.

ئاماژەشی داوە، ئەو هاووڵاتییانەی نزیکن لەو باڵەخانانەی بە ڕەنگی سوور دیاریی کراون، بۆ سەلامەتی ژیانی خۆتان بە لانی کەمەوە 300 مەتەر لەو ناوچەیە دوور بکەونەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی حزبوڵڵا لە باشووری بەیروت چوار کەس کوژران کە لەنێویاندا بەرپرسێکی حزبوڵڵا هەبوو.

Image