سەرۆك بارزانی و سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئایندەی كورد لە سووریا تاوتوێ دەکەن

سەرۆک بارزانی و دكتۆر عەلی قەرەداخی، ئایندەی كورد لە سووریا و پێویستیی پشتبەستنی لایەنەكانی سووریا بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگ بۆ چارەسەری گرفتەكانیان گفتوگۆ کرد.

سێشەممە 6ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە دكتۆر عەلی قەرەداخی سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و شاندی یاوەری كرد. 

لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ئایندەی كورد لە سووریا و پێویستیی پشتبەستنی لایەنەكانی سووریا بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگ بۆ چارەسەری گرفتەكان ئاڵوگۆڕ كرا. 

هەر لەو دیدارەدا هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ ویست و هەنگاوەكانی لایەنە سیاسیەكانی توركیا كرا كە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتیانە لە توركیا دەنرێن. 

بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و ڕۆشناییش خرایە سەر هەنگاو و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان .