لاڤرۆڤ و روبیۆ لە فیلیپین جەنگی ئۆکرانیایان تاوتوێ کرد
وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەمریکا لە مانیلای پایتەختی فلیپین کۆبوونەوە و تەوەری سەرەکی دیدارەکەشیان تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی واشنتن بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە. بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، دیدارەکە کاتژمێر 6:50ـی بەیانی بەکاتی مۆسکۆ دەستیپێکردووە و نزیکەی 30 خولەکی خایاندووە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا پرسی رۆڵی نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا جارێکی دیکە خراوەتەوە بەرباس، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران و پەککەوتنی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ دۆسیەی ئۆکرانیا تا رادەیەک سست ببوون.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، وڵاتەکەی هێشتا ئامادەیە رۆڵ لە کۆتاییهێنان بە ململانێکان بگێڕێت ئەگەر دەرفەت هەبێت. روبیۆ گوتیشی: "دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی رووسیا هەبێت، سەرەڕای ئەوەی لە زۆر بواردا جیاوازین، چونکە هەردوو وڵات گەورەترین هێزی ئەتۆمین لە جیهاندا".
لەلایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، لەم دیدارەدا پرسیاری لە روبیۆ کردووە سەبارەت بە لێدوانە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەر لە ئۆکرانیا نزیک بووەتەوە.
ئەمە چوارەمین دیداری رووبەڕووی نێوان لاڤرۆڤ و روبیۆ بوو، دوای ئەوەی دواجار لە کۆتایی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە نیویۆرک کۆببووەوە. پسپۆڕانیش ئەم کۆبوونەوەیەی مانیلا بە یەکێک لە گرنگترین دیدارە دیپلۆماسییەکانی ئەم وەرزە دادەنێن.