عەلی زەیدی چەندین دۆسیەی گرنگ لەگەڵ ئێرانییەکان تاوتوێ دەکات

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، بەرەو تاران بەڕێکەوت.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تاران بەڕێدەکەوین و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆدەبینەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیە گرنگە هاوبەشەکان، هاوکاریی دوولایەنە و راوێژکردن لەبارەی پرسە ناوچەییەکان و ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا."

ئاماژەی بەوەش کردووە "عێراق و ئێران بە پەیوەندییە مێژوویی و شارستانییەکان، سنووری جوگرافی و بەرژەوەندیی هاوبەش بەیەکەوە بەستراونەتەوە، ئەمەش وا دەخوازێت بەردەوام بین لە کارکردن بە گیانی گفتوگۆ، هاوکاری و رێزی هاوبەش؛ بە شێوەیەک کە پەرە بە گەشەپێدانی بەردەوام و خۆشگوزەرانی گەلانی هەردوو وڵات بدات و بەشداربێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی."

دوێنی چوارشەممە، کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاریی ئابووریی عێراق و ئێران بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان و بە بەشداریی ئەندامانی ئابووریی حکوومەتی ئێران، پارێزگاری بانکی ناوەندی، بەرپرسانی پەیوەندیدار و نوێنەرانی کەرتی تایبەت کۆبووەوە.

پزیشکیان سەردانەکەی عەلی زەیدی بە رووداوێکی زۆر گرنگ و خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا وەسف کردووە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران رەگ و نەریتی مێژوویی، کولتووری و ئایینی هەیە و دەکرێت ئەم قۆناخە ببێتە وەرزێکی نوێ لە هاوکارییە ستراتیژییەکان.

هەروەها سەرۆککۆماری ئێران داوای لە سەرجەم دامودەزگاکانی وڵاتەکەی کردووە هەماهەنگیی تەواو بکەن بۆ هێنانەدی رێککەوتنەکان و گەشەپێدانی کایەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان و ژێرخان.

ئێران پێیوایە بەبێ بەشداریی کارای بازرگانان و کەرتی تایبەتی هەردوو وڵات، گەشەی ئابووریی بەردەوام نایەتە دی، بۆیە پێویستە ئەم لایەنە لە کارنامەی گفتوگۆکانی سەردانەکەدا بایەخی پێبدرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکانی حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، کارنامەی گەشتەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران چەند تەوەرێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت:

دۆسیەی وزە و گاز: یەکێک لە دۆسیە هەرە لەپێشینەکان، گفتوگۆکردنە لەسەر گازی هاوردەکراوی ئێران بۆ عێراق لەسەر بنەمای دابینکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراق.

ئابووری، بازرگانی و گواستنەوە: پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چارەسەرکردنی بەربەستەکانی گواستنەوە و پەیوەندییە داراییەکان.

هێورکردنەوەی ناوچەیی: گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی ئەمنی و هەوڵەکان بۆ راگرتنی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.