ئەکسیۆس: سەرۆکی نوێی مۆساد دۆسیەی ئێران لەگەڵ CIA تاوتوێ دەکات
رۆمان گۆفمان، بەڕێوەبەری نوێی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، لە یەکەم گەشتی فەرمیدا بۆ ئەمریکا، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA) و چەند بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کۆبووەوە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سەردانەکەی گۆفمان دوو هەفتە لەمەوبەر ئەنجامدراوە و تێیدا پرسی جەنگ لەگەڵ ئێران و پەرەسەندنەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان بوون. ئەمە یەکەم سەردانی ناوبراوە بۆ واشنتن لەو کاتەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو پۆستی سەرۆکایەتی مۆسادی وەرگرتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی گۆفمان، بە یەکێک لە راوێژکارە هەرە نزیکەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دادەنرێت، هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکان بووە لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە دانوستانە بەردەوامەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
لە بەشێکی دیکە کۆبوونەوەکاندا، گۆفمان لەگەڵ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA کۆبووەتەوە. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، راتکلیف یەکێکە لەو دەنگانەی بە گومانەوە دەڕوانێتە هەر لێکگەیشتنێک لەگەڵ ئێران و پێشتر هۆشداری دابوو کە رەنگە تاران بڕگەکانی رێککەوتنەکان بە جۆرێکی جیاواز لە ئەمریکا لێکبداتەوە، بەتایبەت ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی گەرووی هورمزەوە هەیە.