بڕیارە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان کۆ ببێتەوە

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لە تارانی پایتەخت کۆ دەبێتەوە.
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025،  شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و شاکر حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران، سەرۆکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و دهۆک، بەرپرسی کۆمەڵگایی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران پێک هاتوون، گەیشتنە فڕۆکەخانەی میهرئاباد لە پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری پارێزگارانی ( کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرمانشا ) جگە لە دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ پارێزگاری تاران و ژووری بازرگانی تاران کۆببێتەوە.
دوێنێ چوارشه‌ممه‌، 21ـی ئایاری 2025، لە چوارچێوەى سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر یەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان، بەمەبەستی پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای کوردستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، یاداشتێكی لێکگەیشتنیان لە بواره‌كانی ئابووری، کولتووری - کۆمەڵایەتی، زانستی – تەکنەلۆجییان ئیمزا كرد، ئامانج لێی بەکارهێنان و سوودەرگرتنی باشتره‌ لە ده‌رفه‌ت و تواناکان لەپێناو پێشخستنی ئاستی پەیوەندییەکان و قازانجی ئابووری و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ناوچەکە.
سێشەممەـی ڕابردوو 20ـی ئایاری 2025، شاندى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیشتە فڕۆکەخانەی شارى سنە ( پارێزگاى کوردستان ) و لەلایەن ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای شارەکە پێشوازی لێ کرا.
لەماوەی چەند ڕۆژەی سەردانەکەی بۆ ئێران، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین دیدارى گرنگی بەمەبەستى بەهێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی و بره‌ودان به‌ بواری كولتوورى و پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى کوردستان، کرد.