سوپای ئیسرائیل: بەردەوام دەبین لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانمان لە ئێران

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025 ڕایگەیاند: بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانیان لەنێو خاکی ئێراندا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل و ئێران چەندین مووشەکیان ئاراستەی یەکتر کرد و زیانی زۆریان بە یەکتر گەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆی، جگە  لە کارگەکانی دروستکردنی مووشەک.

زەنگی ئاگەدارکردنەوە لە تەلئەڤیڤ و قودس لێدران، دانیشتووانی ئەو دوو شارە لەماوەی دوو ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەنێو پەناگەکاندان، لەگەڵ ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەندین جار داوای کرد، دانیشتووان لە پەناگەکان بێنە دەرەوە چونکە هیچ ترسێک لەسەر ژیانیان نییە، بەڵام ئێران بە هێرشە بەردەوامەکانی ترسی گەورەی لای هاووڵاتییانی ئیسرائیل دروست کردووە، ئەوان پێیان وایە، هێرشەکانی ئێران زۆر توند و بەهێزن.

سوپای ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان بەردەوام مووشەکەکانی ئێران لە ئاسمانی تەلئەڤیڤ پوچەڵ دەکەنەوە، ئاشکراشی دەکات، شەوی ڕابردوو ئێران چەندین مووشەکی ئاڕاستەی تەلئەڤیڤ کرد، جگە لە خستنە خوارەوەی چەند مووشەکێک، چەندینی دیکە لەنێو شارەکە کەوتنە خوارەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: تیمەکانی فریاگوزاریی لەنێو هەموو شوێنێکی وڵاتەکە بڵاوەیان پێکراوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، دەنگی تەقیینەوەی بەرز لە تارانی پایتەخت دەبیسترێت، بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی دەنگەکان بڵاو بکاتەوە.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: وڵاتەکەی نزیک بووەتەوە لە خاپوور کردنی تەواوی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران.

ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت: چەندین درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئیسرائیلیان لەناوچەی  سەلماسی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە.

حکوومەتی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ، تا ئێستا 3 کەس کوژراون و 91ـی دیکەش بریندار بوون.