ئێران: هیچ تیشکدانەوەیەکی ئەتۆمی دوای هێرشەکەی ئەمەریکا ڕووی نەداوە

دەستەی گشتی وزەی ئەتۆمیی ئێران بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025 ڕایگەیاند: هیچ مەترسییەکی تیشکدانەوە لە کورە ئەتۆمییەکان بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە نییە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ  لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە بۆمباران کران.

دەستەکە ئاشکرای کرد، دەستبەجێ دەستییان بە پشکنینی پێویست کردووە لە ئەگەری پیسبوونی ژینگە بە تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە دەورووبەری ئەو ناوچەیەی بۆردوومان کراوە و مەترسیی تیشکدانەوە بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە، بۆمان دەرکەوت هیچ مەترسییەک لەسەر خەڵکەکە نییە.

ناوەندی سیستەمی نیشتمانیی سەلامەتیی ئەتۆمیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: هیچ مەترسییەک هەڕەشە لە دانیشتووانی نزیک لە کورە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان نییە کە ئەمڕۆ بەرەبەیان لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە بۆمباران کران.

بەیاننامەی ئەو ناوەندە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کورە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان، دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڵێننامەی نێودەوڵەتی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ئەتۆمییە، دەستیشیان بە پشکنینی پێویست کردووە لە ئەگەری تیشکدانەوە و پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە بەو تیشکانە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپیەوە لە گوتارێکدا گوتی: فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە سێ شوێنی ئێران، ئۆپەراسیۆنێکی زۆر وردیان کردووە، بە بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژێمی ئێرانمان، بە لەناوبردنی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.

گوتیشی: ئامانجی ئێمە لە هێرشەکە ئەوە بوو، توانای ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرین و کۆتایی بە هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران بهێنین، کە وڵاتی یەکەمە لە پشتیوانیکردنی تیرۆر لە ئاستی جیهاندا.

ترەمپ لە گوتارەکەیدا، گوتی: دەتوانم بە جیهان ڕابگەیەنم کە هێرشەکەی ئێمە زۆر ناوازە بوو، لە ڕووی سەربازییەوە زۆر سەرکەوتوو بوون، چونکە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی وێران کران و لەنێو بران.

هەروەها ڕایگەیاند، ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە، بەڵام ئێستا دەبێت ئاشتی بکات.