ڕافائیل گرۆسی: ڕێگەمان بدەن بچینە فۆردۆ

ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی
ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی پێشبینی دەکات زیانێکی بەرچاو بە پێگەی ئەتۆمیی فۆردۆ کەوتبێت، بۆیە داوای کرد ڕێگەیان بدرێت سەردانی بکەن.

دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات زیانێکی بەرچاو بە پێگەی ئەتۆمیی فۆردۆی ئێران گەیشتبێت، دوای هێرشەکانی ئەمریکا.

فۆردو، پێگەی سەرەکی ئێرانە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی سەدا 60، ئەو ڕێژەیەش نزیکە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

گرۆسی، لە قسەکانیدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی لە ڤییەنا، ئاماژەی بەوە کرد کە بنکەکە لە قووڵایی نێو شاخێکدا دروست کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەواوی هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکانی ئەو وێستگەیە لە ژێر زەویدا بکات.

گرۆسی گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بڕە تەقەمەنییە زۆرەی لە هێرشەکە بەکار هاتووە، لەگەڵ هەستیاریی ناوەندەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لەوێ، ئەگەری زۆرە زیانێکی بەرچاوی لێ کەوتبێتەوە.

ناوبراو داوای ئاگربەستی کرد بۆ ئەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بچنە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ.

گرۆسی جەختی لەوە کردەوە "بۆ ئەوەی بە هەمیشەی دڵنیابن ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت، هەروەها لەپێناو ڕێگریی بەردەوام لە بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی، پێویستە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ."

بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.