تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە 250 هەزار ئەفغانی ئێرانیان جێ هێشتووە
بەر لە کۆتایی هاتنی وادەی دەرکردنی پەنابەران و کۆچبەرانی ئەفغانی لە ئێران، بە گوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، زیاتر لە 250 هەزار ئەفغانی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
ئاوەند عەزیز ئاغا، گوتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی 1 تا 28ـی حوزەیران، 365 هەزار و 853 هاووڵاتیی ئەفغانی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە ئەفغانستان.
هەروەها ئاماژەی داوە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا 691 هەزار و 49 کەس گەڕاونەتەوە ئەفغانستان، کە %70 یان بە زۆر نێردراونەتەوە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، لەگەڵ جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پرۆسەی گەڕانەوەی ئەفغانییەکان بۆ وڵاتەکەیان و دەرکردنیان خێراتر بووە و ڕۆژانە نزیکەی 30 هەزار کەس لە سنوور پەڕیونەتەوە ئەفغانستان.
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕایگەیاندووە "ناسەقامگیریی ناوچەیی، بەتایبەتی بەهۆی ململانێی ئیسرائیل و ئێران و گۆڕانی سیاسەتەکانی ئێران، پرۆسەی دەرکردنی ئەفغانییەکان خێراتر کردووە، لە کاتێکدا دۆخی مرۆیی ئەفغانستان نالەبار و دژوارە، هەربۆیە بەزۆر ناردنەوەی ئەفغانییەکان ڕەنگە دۆخی مرۆیی لەو وڵاتە هێندەی دیکە دژوار بکات."
سوپای ئەمەریکا لە 13ـی ئابی 2021 لە ئەفغانستان کشایەوە پاش ئەوەی وەک وەڵامێک بۆ هێرشی 11ـی سێپتێمبەری ساڵی 2001 بۆ سەر هەردوو تاوەری بازرگانیی نیوۆرک، چووە نێو وڵاتەکە بۆ گورز وەشاندن لە بزووتنەوەی چەکداریی تاڵیبان کە پێی وابوو دەستییان لە هێرشەکەدا هەبوو، ساڵی 2020، ئەمەریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دەوحە ڕێککەوتنێکی ئاشتییان ئیمزا کرد کە تێیدا پرسی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) ئاماژەی بۆ کرابوو.