ئایدن مەعروف: حکوومەتی عێراق لە چارەکردنی کێشەکان ڕژد نییە

ئایدن مەعروف
ئایدن مەعروف

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بۆ کوردستان24 رایگەیاند: عێراق خەڵکی هەرێم برسی دەکات و ڕژد نییە لە چارەکردنی کێشەکان، گوتیشی: بەغدا ستەمی لە کۆتاکان کردووە.

 ئایدن مەعروف لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، پرسی مووچە بابەتێکی هەستیارە، مافی یاسایی و سەرەتایی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕژد نییە لە چارەردنی کێشەکە و نییەتی باش نییە، دەشڵێت: بەغدا لە ڕابردووشدا بە ڕژدی کاری لەسەر چارەردنی ئەو کێشەیە نەکردووە. 

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی: دەستوور کە مافی تەواوی پێکهاتەکانی تێدا گرەنتی کراوە، وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت پێویستە حکومەتی  فیدراڵی پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستووری عێراق بێت، بەڵام عەقڵییەتی بەغدا لە دەرەوەی دەستوور بڕیار دەردەکات و بە ئارەزووی خۆیان سیاسەت دەکەن، پێویستە گۆڕانکاریی لەو عەقڵییەتەی بەغدا بکرێت، ئەم عەقڵییەتە ئێستا نییە زوڵم لە میللەتی کورد دەکات، بەڵکو پێشتریش زوڵمی لێ کردووە.

لەبارەی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، ئایدن مەعروف ڕایگەیاند: دانووستانەکان ئەرێنی بوون و لێک نزیکبوونەوە هەیە، ئومێدیان کرد ئەم لێکتێگەیشتنە بگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی و ناردنی  مووچەی خەڵکی کوردستان کێشەیەکی نەمێنێت.

لە 28ـی ئایاری 2025ـەوە، تەیف سامى، وەزىری دارایی عێراق، بە نووسراوێک حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى، چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى، هەرێمی کوردستان بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگاى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى .