کارۆلاین لیڤت: پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە ئەمەریکا دەگەیەنێتە سەردەمی زێڕین

کارۆلاین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی
کارۆلاین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی

کۆنگرێس پرۆژە یاسای بودجەی ئەمەریکای لە سەردەمی ویلایەتی دووەمی ترەمپ، پەسەند کرد کە بریتیی بوو لە کەمکردنەوەی باج و بیمەی تەندروستی و بەرنامەکانی هاوکاریی خۆراک، کارۆلاین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپیش دەڵێت: پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە، ئەمەریکا دەباتە قۆناغێکی زێڕین.

لە پەیامێکی پێگەی (ئێکس)دا، کۆشکی سپی تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکەی بە سەرکەوتنێکی سیاسی و ئابووری زانی، کارۆلاین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە، هەموو ئەو بەڵێنانەی گرتووەتە خۆ کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2024 بە هاووڵاتییانی ئەمەریکا درا، بەتایبەتیش ئەوانەی دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ دا، لیڤت ئاماژەی بەوەشکرد، پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە، "پردێک دروست دەکات بۆ گەیشتن بە سەردەمی زێڕینی ئەمەریکا"

لەگەڵ ئەوەی بەپێی خەمڵاندنێکی فەرمی، پرۆژە یاساکە کورتهێنان و قەرزی گەورە لە وڵاتەکە دروست دەکات، لە بەرانبەردا کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت: پرۆژە یاساکە هەنگاوێکی سەرکەوتووی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپە.

پرۆژە یاسای بودجە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە ئەنجوومەنی پیران دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، پرۆژە یاساکە کە لە 869 لاپەڕە پێکهاتووە و ترەمپ بە(پرۆژەی گەورە و جوان) وەسفی کردووە، لە ئەنجوومەنەکە تێپەڕی.

لەیەکەم لێدوانیدا لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە، دۆناڵد ترەمپ بەر لەوەی دەست بە گەشتەکەی بکات بۆ ویلایەتی ئایۆوا بۆ بەشداریی کردن لە ئاهەنگی دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە، پرۆژە یاسا نوێیەکە، ئابووری ئەمریکا وەک "موشەکێکی بۆشایی ئاسمان" بەرز دەکاتەوە و بە "گەورەترین پڕۆژە یاسای وەسف کرد لە سەردەمی خۆیدا کە تا ئێستا واژۆ کراوە.