چەند پەیامێک لە ئەردۆغانەوە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: بە چەکدانانی پەکەکە قۆناغێکی نوێی دیموکراسی لە تورکیا دەستپێدەکات.
شەممە 5ـی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات، لە چەند ڕۆژی داهاتووش لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێ کردنی قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی، دەڵێت: بە چەکدانانی پەکەکە، قۆناغێکی نوێی دیموکراسی لە تورکیا دەستپێدەکات، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی دەم پارتی، سەرۆکی دەزگای میتیش ئامادە دەبێت.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، پێنجشەممە، 3ـی تەمووزی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: رۆژانی داهاتوو بۆ پرۆسەی چەکدانان زۆر گرنگ و مێژوویە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە ئێمە دراون ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەست پێکردنی پرۆسەکە، دەچینە نێو قۆناغێکی نوێوە، لەماوەی هەفتەی داهاتوودا چەند هەنگاوێکی گرنگ دەنرێت و هەموان شاهێدی ساتی مێژوویی دەبن.
27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە کە پەیامی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بوو، ئەمەش بووە هەنگاوی کۆتایی هێنان بە چالاکیی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە).