تۆم باراک: لوبنان لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوونە
نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا لە لێدوانێکی نوێیدا سەبارەت بە لوبنان دەڵێت: ئەو وڵاتە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و لکاندنەوەیەتی بە وڵاتی شام.
تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: لوبنان ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون دەبێتەوە، ئەگەر جووڵەیەک نەکات، ڕەنگە جارێکی دیکە بە وڵاتی شام ببەسترێتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی( ناشیوناڵ) هۆشداریی داوە، لوبنان دەکەوێتە بەر مەترسیی هێزە هەرێمیییەکان ئەگەر جووڵەیەک نەکات بۆ لەناوبردنی جبەخانەکانی حزبوڵڵا، دەشڵێت: پێویستە لوبنان بە ڕژدی کار لەسەر ئەوە بکات، ئەگینا دووچاری لەناوچوون دەبێتەوە.
باراک گوتی: لەلایەک ئیسرائیل و لەلایەکەی دیکە ئێران، ئێستاش سووریا بەخێرایی پێش دەکەوێت و گەشە دەکات، بۆیە ئەگەر لوبنان زوو چارەیەک لەخۆی نەکات و جبەخانەکانی حزبولڵا لەناو نەبات، بە وڵاتی شام دەبەسترێتەوە.
نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، سوورییەکان لوبنان بە ناوچەی گەشتیاریی خۆیان دەزانن، دەشڵێت: دەزانم خەڵکی لوبنان چەند بێهیوا بوون، بەوە بێزار و دڵتەنگم.