ئێران: هێرش بکرێتە سەر ژێرخانمان دامەزراوەکانی وزەی ناوچەکە دەکەینە ئامانج

سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی واشنتن دەکات و رادەگەیەنێت، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر پردەکان یان وێستگەکانی کارەبا لە وڵاتەکەیدا، تاران لە بەرامبەردا سەرجەم ژێرخان و دامەزراوەکانی وزە لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج کە ئەمریکا بەرژەوەندیی تێیاندا هەیە.

چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران، لە وەڵامی هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی راگەیاندووە، ئێران خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵایینە لە پەیڕەوکردنی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا و، بە هیچ شێوازێک رێگە نادات جارێکی دیکە ئەم گەرووە ببێتە هۆکارێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران.

ئاماژەی بەوە کرد، تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەناو ئەم گەرووەدا ئارام دەبێت ئەگەر هەماهەنگی لەگەڵ ئێراندا بکرێت و بە پێی رێکارەکانی ئێران بێت، ئەگەرنا ئێران دەستبەرداری ئیرادەی یەکلاکەرەوەی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە نابێت، و ئەمەش لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی درێژخایەنی گەرووەکەدا دەبینێت.

ئەو سەرچاوە سەربازییە هۆشداریدا و گوتی: ئەگەر ئەمریکییەکان پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا لە ئێران بکەنە ئامانج، ئێران لە بەرامبەردا ژێرخان و پردەکانی ناوچەکە دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی، لە نێویاندا ئەو دامەزراوانەی وزە کە ئەمریکییەکان بەرژەوەندییان تێیدا هەیە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، پێویستە ئەمریکییەکان لە ماوەی ئەم دە رۆژەی رابردوودا گەیشتبنە ئەو باوەڕە تەواوەی کە ئێران هەر شوێنێک بخوازێت دەتوانێت بیپێکێت. بۆیە هەر سەرکێشییەکی ئەگەری لە لایەن ترەمپەوە، جارێکی دیکە دەبێتە هۆی ئابڕووچوونی خۆی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، هەر کاتێک ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمزدا، جا بە مووشەک، درۆن، یان هەر کەرەستە و چەکێکی دیکە بێت، ئەمریکا پرد یان وێستگەی کارەبا بۆردوومان دەکات.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردبووەوە، ئەم بۆردوومان و تێکشکاندنانە تەنانەت ئەو پرد و وێستگانەی کارەباش دەگرێتەوە کە لە نزیک یان لە ناوخۆی شاری تارانی پایتەختدا جێگیر کراون.