بەریتانیا.. هەڵاوسان بۆ نزمترین ئاستی 15 مانگی رابردوودا دابەزی
رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بۆ 2.6% دابەزی، کە نزمترین ئاستی 15 مانگی رابردووە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی نرخی خۆراک و سووتەمەنییەوە کە پشتگیرییەکی پێشوەختەیە بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا،
چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی بەریتانیا، نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی وڵاتەکە (ONS) رایگەیاندووە، پێوەری نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بۆ 2.6% دابەزیوە، دوای ئەوەی لە مانگی ئایاردا 2.8% بووە.
ئەم دەستکەوتە ئابوورییە، نزمترین رێژەیە لە دوای مانگی ئاداری 2025ـەوە تۆمارکرابێت، و کەمترە لەو رێژەیەی کە زۆربەی ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد، کە 2.7% بوو. ئەم دابەزینە هەواڵێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەرە بۆ ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، کە رایگەیاندبوو کەمکردنەوەی فشارەکانی بژێوی هاووڵاتییان لە کاری لە پێشینەی کارنامەی کابینەکەیدا دەبێت.
گرانت فیتزنەر، گەورە ئابووریناسی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا لەم بارەیەوە رایگەیاند: "دابەزینی نرخی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکان، بە تایبەتی دیزل، یارمەتیدەرێکی گەورە بووە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی گشتیی هەڵاوسان لە مانگی حوزەیراندا." لە پاڵ سووتەمەنیشدا، دابەزینی نرخی بەشێک لە کەرەستە خۆراکییەکانیش کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر بازاڕی بەریتانیا.
بەپێی راپۆرتەکە، پێوەری گشتیی نرخەکانی بەکاربەر (CPI) لە 12 مانگی رابردوودا تاوەکو حوزەیرانی 2026 بە رێژەی 2.6% بەرزبووەتەوە، ئەمەش دابەزینێکی بەرچاوە بەراورد بە مانگی ئایار کە رێژەکەی 2.8% بوو تۆمارکراوە. هەروەها لەسەر بنەمای مانگانە، پێوەری CPI لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا تەنیا 0.1% زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە حوزەیرانی 2025 بە رێژەی 0.3% زیادی کردبوو.
ئامارەکان ئاشکرای دەکەن، کەرتی گواستنەوە بە تایبەت سووتەمەنی لە پاڵ کەرتی خۆراک و خواردنەوە کحولی و نەکحولییەکاندا، گەورەترین رۆڵیان هەبووە لە خاوکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان و دابەزاندنی نرخەکان لە هەردوو پێوەری گشتیی نرخەکانی بەکاربەر (CPI) و پێوەری نرخەکانی بەکاربەر بە هەژمارکردنی تێچووی نیشتەجێبوونی خاوەنماڵەکان (CPIH)دا لەسەر ئاستی مانگانە.