بەشیر حەداد: کاتی ئەوە هاتووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئامانجی بەغدا لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان و نەدانی مووچەیە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات.
شەممە 12ـی تەممووزی 2025، بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بەغدا ئامانجێکی سیاسیی لە پشت نەناردنی مووچە هەیە، ماوەی 48 کاتژمێرەکە تەواوبوو، کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەش تەواوبوو، لێژنەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانیش پێکیهێنا کارەکانی ڕاگرت، هەموو ئاماژەکانیش ئەوە دەردەخەن، بەغدا ڕێککەوتنی ناوێت.
بەشیر حەداد دەڵێت: پێویستە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی بدات، بەڵام بڕیارێکی حەکیمانە بێت، بڕیارێکی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا لێژنەیەک لە کەسایەتی و سیاسەتمەداران و پیاوماقوڵانی هەرێمی کوردستان پێک بێت و بکرێت بە لێژنەیەکی نیشتمانی، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی نیشتمانیی بدۆزرێتەوە، ئەوکات بڕیارێکی دەستەجەمعی بەرانبەر بەغدا بدەن، بەڵام تاوەکو بڕیارەکە دەدرێت، بەهەر شێوەیەک بێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەم مووچەیەک ئامادە بکات بە هاوبەشی خوداپێداوان و سەرمایەدارانی کوردستان و کۆمپانیاکان و بیدەن بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.