مەترسی دووبارە بوونەوەی ڕووداوی سوەیدا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە

دوای ڕووداوەکانی  کەنارەکانی سووریا و پارێزگای سوەیدا، مەترسی ئەوە هەیە ئەم سیناریۆیانە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دووبارە ببنەوە، بەتایبەت کە تا ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و دەسەڵاتدارانی دیمەشق نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک  و ڕۆژ دوای ڕۆژ پەیوەندییەکان ئاڵۆزتر دەبن.

سەرکردەیەکی ئیدارەی خۆسەر جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوان دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ دیمەشق دانەخستووە، بەڵام لە ئەگەری هەر هێرشێک کە بکرێتە سەریان، بە هەموو توانایەک ڕووبەڕووی دەبنەوە.

نووسەرێکی کوردی ڕۆژئوا بە دووری دەزانێت بەریەککەوتن لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و دیمەشق ڕوو بدات، پێشی وایە، دۆخی کورد و درووزەکان لە یەکتر جیاوازن.

تەڵاڵ محەممەد، سکرتێری پارتی ئاشتی دیموکراتی دەڵێت: ئەو دەسەڵاتەی ئێستا هاتووەتە شام، هەمان کلتووری ڕژێمی پێشووی سووریایە، بەڵام بە ڕەنگێکی دیکە کار دەکات، هەوڵدەدات بەڕێگەی ئاگر و ئاسن حکوومداری بکات نەوەک بەڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ، ئەگەر هەوڵبدەن هێرش بکەنە سەر ئێمە، ئێمەش لەشکرێک و نەتەوەیەک و میللەتێکی یەکگرتوومان هەیە کە بەهەموو توانایەک بەرگریی لە خاک و نیشتمانی خۆی دەکات.

عەبدولسەمەد مەحموود، نووسەری ڕۆژئاوای کوردستان بە دووری دەبینێت، بەریەککەوتن لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان و دیمەشق ڕووبدات، چونکە پرسی کورد لە پرسی درووزەکان جودایە، لەگەڵ ئەوەی ڕێککەوتنی مانگی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا تێک نەچووە و کەسێک ڕاینەگەیاندووە ڕێککەوتنەکە کۆتایی هاتبێت.

ئەو ڕوەشەی چەند ڕۆژێکە لە سوەیدا و سووریا و دەگوزەرێت، دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی لای پێکهاتەکانی سووریا دروست کردووە، لەنێو ئەم پێکهاتانەش(کورد)، لەگەڵ ئەوەی تەواوی لایەنەکانی سووریا داوای نا مەرکەزیەت و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ناوەندی و کردنەوەی دەرگەی دیالۆگی نیشتمانی دەکەن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە تەواوی پێکهاتەکان ڕازی بکات.