بەرگریی شارستانیی ئاکرێ: چوار گەنج لە ڕووباری خازر خنکان
بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ڕایگەیاند: چوار گەنجی دانیشتووی بەردەڕەشی بچووک، لە کاتی مەلەکردندا، خنکاون.
دووشەممە 4ـی ئابی 2025، بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ڕایگەیاند: کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆ، چوار گەنج بەناوەکانی(ئوسامە محەممەد عەزیز لە دایکبووی 2003)، (مەحموود جەمال عەبدولواحید لەدایکبووی 2004)، (بیلال کەمال مستەفا لەدایکبووی 2007)،( محەممەد کەمال مستەفا) لەکاتی مەلەکردندا لە گوندی قایماوە خنکاون، بەپێی زانیارییەکان ئێستا تەرمەکانیان گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەشە و دواتر دەگوازرێنەوە دادپزیشکی پارێزگای دهۆک.
عەقید ئیبراهیم فەریق، ئەفسەر لە بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هۆکاری خنکانی چوار گەنجەکەی ئاشکرا کرد کە هیچیان مەلەیان نەزانیووە، گوتی: گەنجەکان 7 هاوڕێ و خزمی یەک بوونە کە هاتوون بۆ نان خواردنی بەیانی لەسەر ڕووبار، یەکەم کەس محەممەد چووەتە ناو ئاو بۆ مەلە کردن، بەهۆی ئەوەی نەیزانیووە مەلە بکات، خنکاوە، دواتر براکەی هەوڵیداوە ڕزگاری بکات، ئەویش خنکاوە، ئەوانی دیکەش هەوڵیانداوە دوو براکە ڕزگار بکەن، کەچی ئەوانیش خنکاون، گەنجێکی دیکە بەناوی ئاراس کەمال مستەفا کە برای دوو لە گەنجە خنکاوەکانە، ڕزگارکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووداوەکە لە سنووری قەزای شێخان بووە، گوتی: ئێمە وەک بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش بۆ هەموو ڕووداوێک دەگەینە ناوچەکە لەبەر ئەوەی بنکەی بەرگریی شارستانیی لە ناحیەی زێلکان و قەزای شێخان نییە.
عەقید ئیبراهیم فەریق ڕایگەیاند: پێشتر دوو کەسی دیکە لەهەمان رووباردا خنکاون، بە خنکانی چوار گەنجەکەی ئەمڕۆش، ئەمساڵ 6 کەس لە ڕووباری خازردا خنکاون، داوای لە هاووڵاتییان کرد، ئەوانەی مەلە نازانن، لە ڕووبار دووربکەونەوە.
لەلایەکی دیکەوە، نەشوان بەرزنجی، گوتەبێژی تەندروستی قەزای بەردەڕەش بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ تەرمی چوار گەنجە خنکاوەکە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش ئەنجامدرا و دواتر بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە دادپزیشکی پارێزگای دهۆک، لەویش دوای تەواوکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان، تەرمەکان ڕادەستی خێزانەکانیان دەکرێتەوە.
دەشڵێت: لەبەر ئەوەی ناوچەکە گەشتیارییە و ڕووباری تێدایە، خەڵکێکی زۆر لە لیواری ڕووبارەکە کۆ دەبنەوە، چوار گەنجەکە کە براو و خزمی یەکترن، ویستوویانە بەیەکەوە کاتی خۆش بەسەر ببەن و نانی بەیانی بەیەکەوە لەسەر ڕووبار بخۆن، مەلەیان کردووە و لە ئاوی خازردا خنکاون.
بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ڕایگەیاند: هەفتانە لە ڕۆژی پێنجشەممە تاکوو ڕۆژی یەکشەممە کە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، تیمەکانیان لەسەر ڕووباری خازر بڵاوە پێدەکەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە ڕووداوی نەخوازراو بپارێزن.
27ـی تەممووزی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 32 حاڵەتی خنکان تۆمارکراون، زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بوونە، کە 11 حاڵەت بووە.
بەگوێرەی زانیاری و بەدواداچوونەکانی کوردستان24، کە بەشێک لە زانیارییەکانی لە پەیامنێرەکانی وەرگرتووە بەمشێوەیە:
هەولێر: 11 حاڵەتی خنکان تۆمارکراون
سلێمانی، هیچ حاڵەتێکی خنکان تۆمارنەکراوە
دهۆک: پێنج حاڵەتی خنکان تۆمارکراون
هەڵەبجە، هیچ حاڵەتێکی خنکان تۆمار نەکراوە
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: پێنج حاڵەتی خنکان تۆمارکراون، کە تاوەکو ئێستاش تەرمی یەکێکیان نەدۆزراوەتەوە.
ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین: یەک حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە و 28 حاڵەتی رزگارکردنیش لەو سنوورە هەبووە
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: شەش حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە.
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، دوو حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە.
ئاکرێ و بەردەڕەش، دوو حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە.