بە بڕیارێکی نوێ مووچەی عێراقییەکان کەمدەکرێتەوە

پەرلەمانتارێك زانیاری لەبارەی یاساكە ئاشكرا دەكات

K24 - ھەولێر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بیمەی تەندروستی پەسەندکرد کە لە 47 بڕگە پێکدێت، دوای تێبینییەکانی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی لەسەر یاساکە، لە پەرلەمانەوە دەنگدانی ‌کۆتایی بۆ دەکرێت. بە پەسندكردنی بڕیارەكەش مووچەی فەرمانبەران كەمدەكرێتەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکە، ماف بە سەرجەم هاووڵاتییان دەدرێت، بەشداربن لە بیمەی کۆمەڵایەتی و سوودمەندبن لە خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، یاخود بەشە تایبەتەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکان، پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەش لە سندووقی بیمەی تەندروستییەوە پاڵپشتی دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دامەزراوە.

حەسەن خەلاتی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە دەڵێت "دوای ئەوەی بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی نۆڕینگە و تاقیگە تایبەتەکان بکەن یاخود سوودمەندبن لە بەشی تایبەتی نەخۆشخانە حکومییەکان و تەنیا بەشێکی کەم پارە بدەن کە لە 10% تێناپەڕێت، بڕەکەی دیکەش لە سندووقی بیمەی تەندروستییەوە خەرجدەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "مانگانە بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران کەمدەکرێت بۆ بیمەی تەندروستی کە رێژەکەی 1% دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی 750 هەزار دینار بێت، ئەوا مانگانە 7500 دینار لە مووچەکەی کەمدەکرێتەوە، کە فەرمانبەرەکە خودی خۆی و خێزانەکەی و منداڵاکانی لەگەڵ دایک و باوکی ئەگەر لەگەڵی نیشتەجێبن سوودمەند دەبن".

روونیشی دەکاتەوە "سەرجەم هاووڵاتییان ئەو کەسانەی مووچەخۆریش نین سوودمەندن دەبن و بەگوێری رێژەی سەدی پلەبەندیان بۆ دەکرێت، هەروەها چەندین چین و توێژیش هەن کە دەبەخشرێن و ناویان لە یاساکە داهاتووە، وەک ئەو هەژارانەی لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون، خاوەن پێداویستییەکانی هێزی ئاسایش و ئەو هاووڵاتییانەی نەخۆشی خوێنیان هەیە و لە باوانیان بۆیان هاتووە، لەگەڵ نەخۆشانی شێرپەنجە و چەندین توێژی دیکە".