لە شەش مانگدا 34 هەزار خێزان لە عێراق جیابوونەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئامارەکانی  شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025ـی لەسەر ئاستی 15 پارێزگەی عێراق بڵاوکردەوە، لە ئامارەکەدا هاتووە، تەنها لەماوەی شەش مانگدا بە هۆکاری جیاواز، زیاتر لە 34 هەزار خێزان هەڵوەشاوەتەوە، 171 هەزار و 845 کەسیش هاوسەرگیریان کردووە.

 ڕۆژی دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی لەبارەی جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی خێزان خستە ڕوو، لە ئامارەکەدا هاتووە، تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 34 هەزار خێزان لەسەر ئاستی 15 پارێزگەی عێراق جیابوونەتەوە، زۆرترین جیابوونەوەش لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی بەغدا بە ڕێژەی ٪19.2 تۆمارکراون.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا، 171 هەزار و 845 کەس هاوسەرگیریان کردووە، بەرزترین ئاستی هاوسەرگیری لە مانگی شوبات تۆمار کراون، کە بەڕێژەی ٪18.3 بووە و کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری لە مانگی ئازاردا بەڕێژەی 13.4٪ تۆمارکراون.

هاوکات لە شاری موسەننا کەمترین حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمارکراوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 تەنیا 2.5٪حاڵەتی هاوسەرگیری هەبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2024، 36 هەزار981 کەس لە پارێزگاکانی عێراق جیابوونەتەوە، 74٪ـی جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلاکراونەتەوە، هەروەها 157 هەزار و 872 کەس هاوسەرگیریان کردووە