پیشەسازیی جلوبەرگی تورکیا لە لێواری داڕماندایە

لەبەر چەند هۆکارێک، پیشەسازیی جلوبەرگ لە تورکیا، لە لێواری داڕماندایە و تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی 49 هەزار بازرگان دوکانەکانیان داخستووە. 

بەگوتەی خاوەن کارگە و دوکاندارەکان، چەند هۆکارێکی سەرەکی لەپشت ئەم قەیرانەوەن:

1. هەڵاوسانی بەرز: بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و لە سەرووی 70%ەوەیە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کەرەستە خاوەکان.

2. زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان: بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا، سووتەمەنی و کرێی کرێکاران، تێچووی بەرهەمهێنانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

3. بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود: بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، بووەتە بارگرانییەکی دیکە لەسەر کۆمپانیاکان کە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان پێویستیان بە قەرزە.

4. دابەزینی بەهای لیرە: لیرەی تورکی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆری بەهاکەی لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە هاوردەکردنی کەرەستەی خاو گرانتر بێت و توانای کڕینی هاووڵاتیانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە.

 

کاریگەرییەکان لەسەر بازاڕ

ئەم قەیرانە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی جلوبەرگ لە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبوڵ هەبووە. لە ناوچەی "مەرتەر" کە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بازرگانی جلوبەرگ دادەنرێت، ژمارەیەکی زۆر دوکان و کۆمپانیا داخراون و تابلۆی "بۆ کرێ" لەسەر دەرگاکانیان هەڵواسراوە.

نەوزاد یەشیلباغدان، خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی چنین، بە موراد ئاکنجی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پێشتر نزیکەی 35 کرێکارم هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانەوە ناچاربووم ژمارەیان بۆ چوار پێنج کەس کەمبکەمەوە. کارەکانمان بە ڕێژەی 70% کەمیکردووە."

هەروەها بازرگانێکی جلوبەرگ بە ناوی "سەردار ئوزدەمیر" باس لەوە دەکات کە لە ماوەی تەنها یەک ساڵدا نزیکەی 10 هەزار کارگەی چنین و دوکانی جلوبەرگ لە ئەستەنبوڵ داخراون. ئەو دەڵێت: "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆرتر لە کارگە و دوکانەکان دابخرێن."

 

داهاتوویەکی نادیار

قەیرانی ئابووریی تورکیا تەنها کاریگەری لەسەر پیشەسازیی جلوبەرگ نەبووە، بەڵکو زۆربەی پیشەسازیەکانی دیکەی گرتووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 11 هەزار کۆمپانیا لە سەرانسەری تورکیا مایەپۆچبوون و نزیکەی 49 هەزار کاسبکاریش دووکانەکانیان داخستووە.

شارەزایانی ئابووری پێیانوایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، پێویستە حکوومەت چەند هەنگاوێکی گرنگ بنێت، لەوانە دابەزاندنی هەڵاوسان، کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود، ئاسانکاری بۆ پێدانی قەرز بە بەرهەمهێنەران و کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان. ئەگەرنا، داهاتووی ئابووریی تورکیا و بەتایبەتی پیشەسازیی جلوبەرگ، بەرەو ئاقارێکی نادیار هەنگاو دەنێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment