مێژوو و پەند

مێژوو و پەند
مێژوو و پەند

غەسان شربل، سەرنووسەری رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە پێگەی ئێکس نووسیویەتی: "رۆژێ لە رۆژان سەددام حوسێن، سازشکردنی بۆ ئێران پێ باشتر بوو لە سازش کردن بۆ کوردەکانی عێراق و ئەمەش کارەساتی گەورەی لێ کەوتەوە." هەڵبەتە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ رێککەوتنامە شومەکەی جەزائیر، کە سەددام حوسێنی دیکتاتۆر سازشی لەسەر جوگرافیایەکی گرنگی عیراق کرد بۆ ئێران بەرامبەر بەوەی مافی گەلی کورد نەدەن و شۆڕشە رەواکەیان (شۆڕشی مەزنی ئەیلول) لە ناوبەرن<

بەڵام ئەگەر ئێمە درێژە بە رووداوە مێژووییەکە بدەین بۆمان دەردەکەوێت لە ئەنجامی ئەم رێککەوتنە و نەدانی مافی گەلی کورد لە عێراق، چیرۆکەکە بە لەناوچوونی رژێمی بەعس و خودی دیکتاتۆر کۆتایی هات، ئەمەش بەوەی دوای ئەوەی دەسەڵاتێکی نوێ لە ئێران حوکمڕانیی وڵاتەکەی گرتە دەست، رژێمی بەعس پێیان وابوو ئەمە هەلێکی زێڕینە بۆ پاشگەزبوونەوەیان لە رێککەوتنەکە و لە سایەی دەسەڵاتێکی نوێ کە سەرقاڵی کۆمەڵێ کێشەی ناوخۆییە دەتوانن ئەو جوگرافیایەی کە سازشیان لێ کردبوو بیگێڕنەوە و ئەوە بوو هه‌شت ساڵ جەنگێکی ئەوپەڕی کارەساتباریان بەرپا کرد کە بە نزیکەی سێ ملێون قوربانی لە نێوان کوژراو و بریندار لێ کەوتەوە و لە کۆتاییشدا عێراق نەیتوانی یەک بیست لەو خاک و ئاوە وەرگرێتەوە کە پێشتر سازشی لێ کردبوو، هەر بە هۆی ئەم جەنگەوە عیراق کەوتە ژێر قەرزێکی زۆر و لە ئەنجامیدا دەیویست بە هاوکاریی وڵاتانی کەنداو باری دارایی خۆی راست بکاتەوە، بەڵام کە دەوڵەتی کوەیت وەک پێویست هاوکار نەبوو، ئەوە بوو لە ئابی ساڵی 1990 عێراق پەلاماری کوەیتی دا و داگیری کرد، ئەم داگیرکارییە ناڕەزاییەتی عەرەبی و  نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقیان خستە ژێر بەندی حەوتەم و بە هێز عێراقیان لە کوەیت دەرکرد و عێراقیان توشی شکستێکی گه‌وره‌ی سەربازی و ئابووری کرد و رژێمی دیکتاتۆر دەسەڵاتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەدەستدا و لە باشووری عیراقیش بۆ ماوەیەک بەهەمان شێوە دەسەڵاتی نەما، پاشان گەمارۆی ئابوورییان بەسەر عێراقدا سەپاند و عێراق تا ساڵی 2003 لە خراپترین دۆخی مرۆییدا بوو لە مێژووی دروستبوونییەوە، هەر ئەم هۆیانەش وایان کرد لە ساڵی 2003 کۆتایی بەو رژێمە دیکتاتۆرە بێت و سەدامـی دیکتاتۆر لە چاڵێک بێننە دەرەوە و پاشان بە بڕیاری دادگا لە سێدارە درا.

ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە لەو مێژووەو مافی گەلی کورد بدرایە، ئایا ئەو رژێمە کە دەسەڵاتدار بوون لە عێراق بەو چارەنووسە دەگەیشتن؟ هەروەها عیراقێک کە کەوتە ژێر دەستیان دینارێک بەرامبەر بە 3.3 دۆلار بوو و کە رادەستیان کردەوە 120 دینار بەرامبەر بە دۆلارێک دەبوو؟ ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتییە مرۆییە رووی دەدا؟

ئەوەی لێرە دەمەوێ تیشک بخەمە سەری ئەوەیە کە لە سیاسەتدا مێژوو تەنیا چیرۆکێکی سرنجراکێش نییە و بۆ خۆشی بگێردرێتەوە و دانیشتنی پێ گەرم بکرێت، بەڵکوو مێژوو بۆ پەند وەرگرتنە لە هەڵەکان و سوودبینینە لە رووداوەکان؛ بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت لە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی عێراقی دوای 2003 بە نەدانی مافەکانی گەلی کورد لە عێراق هیچ پەندێکیان لەو مێژووە رەشە وەرنەگرتووە!

بۆیە کۆتایی نووسینەکەشم هەر وەک دەستپێکەکەی نووسینێکی تری بەڕێز غەسان شربل دەخەمە بەر دیدی خوێنەر کە لە هەمان پێگە و بە نووسینێکی جوودا نووسیویەتی: "سازش کردن لە ناوەوەی نەخشە، هەزار جار باشترە لە سازش کردن بۆ دراوسێکانی!"