
ئازار حسۆ
نووسەر
نیشتمانی سارا

سارا چیایەکی کوردستانە. ناوێکیشە بۆ ژن و لەم ڕۆمانەدا ناوی ژنێکی کوردە، لێرە پرسیارێک دێتە پێش؛ ئەم کێوە ناوی ئەم ژنەی هەڵگرتووە؟ یان سارا بەم چیایە ناو نراوە؟
"نیشتمانی سارا" ڕۆمانێکی میران ئابراهامە کە وا دیارە باسی دۆخی پێکهاتەیەک و بەتایبەت ئەوانەی ئاکنجیی سلێمانین دەکات، بەڵام ڕاستییەکەی باسی نەهامەتییەکانی گەلی کورد دەکات. میران باسی شارێک دەکات کە لە شەش گەڕەک پێک هاتووە و دانیشتوانی پێنج گەڕەک ئەوندە ناحاڵیی کراون وا دەزانن بە چەوساندنەوەی گەڕەکێک دەرگای خۆشیی دونیا و قیامەتیان بۆ دەکرێتەوە.
ئەم ڕۆمانە ئەرکی خۆی بە جێ گەیاندووە؛ هیچ قارەمانێکی نییە، دۆخی جڤاکێک دەگێرێتەوە کە خەڵکەکەی بەرپێی خۆیان نابینن. ئەوەی دەگوزەرێت بەسەرهاتە و هیچ ڕووداوێکی تێدا نییە، جیا لە دوو ڕووداوی بچووک کە لە چاو ئەوەی بەسەر ئەم جڤاکەدا دێت، بە هیچ حیساب ناکرێت. ڕووداو ئەوەیە کە خۆت بیخۆلقێنیت، ئەوەی بەسەرت دێت ڕووداو نییە. کاری ڕۆمانیش گیڕانەوەی دۆخ و دروستکردنی پرسیارە، میران بە سەرکەوتوویی ئەم کارەی کردووە.
نووسەر باسی جڤاکێک دەکات کە هەم خاکەکەی و هەم زەین و هەستی خەڵکەکەی داگیرکراوە، چوونەتە سەر دینی داگیرکەر، کەچی لای داگیرکەر هەر بە "موالی" حیساب دەکرێن. ئەم جڤاکە خۆی بەدەستەوە داوە و بۆ پێشاندانی ملکەچیی خۆی، سووکایەتیی بە بەشێک لە جڤاک، شار و خۆیشی دەکات.
نیشتمانی سارا، گێرانەوەیەکی دیرۆکییە بە دیوێک کە کەمتر باس کراوە، بە ژانرێکی ئەدەبیی بەهێز. لەوێ ناوی کاراکتەرەکان هەندێکیان وەک خۆی هاتووە و لە هەندێک شوێن، هەندێ کاراکتەری دیرۆکی وەبیر خوێنەر دەهێنێتەوە. خایم لەگەڵ دایکی لە سلێمانی وەڕێ دەکەون بۆ ئەوەی بڕۆنە کنێستەکی ئەلقۆش، لە هەولێر تووشی مەلایەکی کوێر دەبن کە لە ڕۆژی مەولوود خەریکی ئازاردانی جووەکانی هاوزمانییەتی و ئەم کارەی بە ئەرکیکی دینداری هەژمار دەکات. میران ئابراهام، بە جوانی ئەوەمان بیر دێنێتەوە کە میری سۆران (پاشا کۆرە) چ دەستێکی باڵای هەبووە لە کۆشتاری غەیرەدینەکان. کاری ڕۆمان ئەوەیە؛ پێمان دەڵێت بزانن چی گوزەراوە و ئێستا چۆن دەگوزەرێت. لەوێ ناچارمان دەکات بیرمان بخەینەوە کە برایم پاشای بابان بۆ نەفیرعامی ئێزدییەکان ڕۆیشتووەتە مووسڵ و لەوێ کوژراوە و هەر لەوێ نێژراوە.
نیشتمانی سارا، پێمان دەڵێت خەڵکی ئەم نیشتمانە، گێلانە بەربوونەتە گیانی یەکتری و هەر ڕۆژێ بە بیانوویەک بەشیک لە جەستەی خۆیان دەدەنە بەر خەنجەری ڕقێکی بێمانا و دەیانەوێ ئاسەواری یەکتری بسرنەوە. نازانن ئەوەی بەسەر جووەکانیان هێنا، بەسەر خۆیان هێناوە و چارەنووسێکی هاوشێوە بۆ خۆیان دەخۆڵقێنن. داگیرکەر بۆ سڕینەوەی ئاسەواری جووەکان لە بن گوێی کوردی موسڵمانی خوێندبوو کە جوو جەماعەت لەگەڵ مردووەکانیان زێر و زیوی خۆیان دەنێژن، ئێدی ئەو ڕەوە گوێڕایەڵە بەر بووبوونە گۆڕستانی جووەکان و کێلەکانیان دەشکاند و گۆڕەکانیان هەڵدەکەند. ئەمە نە لە گۆڕستانێک، گۆندێک و شارێک و نە لە سەردەمێک قەوماوە، تا ئێستایش بەردەوامە.
ئەوەی بەسەر جووەکان هات، بەسەر مەسیحییەکانیش هاتووە و بەسەر ئێزدییەکانیش خراپتر هاتووە. کوردی موسڵمان بەشێک بوون لە هۆکاری ئەم نەهاماتییانە. کوردی موسڵمان وایاندەزانی کە موسڵمان بیت لە لایەن داگیرکەرەوە دەپارێزرێیت. کە داگیرکەر منداڵی کوردی بۆ سەفەربەرلک دەبرد نەیدەپرسی سەر بە چ دینێکی؟ ئەودەم ئەو جڤاکە ئەمەی نەدەبینی و دواتر میژووی هاوچەرخی گەلەکەمان بەسەرهاتی ئەنفال و کیمیابارانی بە خووە بینی، کەچی هێشتا بۆیان نەبووتە وانە.
نووسەری ئەم ڕۆمانە هەم دۆخەکەمان بۆ دەگێرێتەوە، هەم پرسیار دەکات و گلەییش دەکات. ئەم جڤاکە بۆ ئەوندە ناحاڵییە، بۆ گوێ ناگرێتە ئاوازی سرووشتیی خۆی، بۆ دەبێ لمی سەحرا پیرۆزتر بێ لە دار و بەردی کوردستان؟ چۆن دەبێ دارێک کە هیچ باڵندەیەک نەک هێلانەی لەسەر ناکات، لەسەریشی نانیشێتەوە، ببێتە بەرگی ئەم خاکە؟ نووسەر گلەیی لە شێخ، مەلا، حزبی سیاسی و خاوەنهێزی ئەم نیشتمانە دەکات کە بۆ وای لێ هاتووە و بۆ لە خۆیان ناپرسن گەر وا بڕوات چارەنووسی ئەم نیشتمانە چی لێ دێت.
سلێمانی لە شەش گەرەک پێک هاتبوو، بەشێکی بازار و گەڕەکێک هی کوردی جوو بوو. بەیانییەک هیچ ئاسەوارێک لە بەشێکی بازاڕ نامێنێت و گەڕەکێک کەسی تێدا نامێنێت. کەس نوققەی لێوە نایە. سلێمانی ئەودەم شارێک بوو زۆر خەڵک لەوێ خۆی بە ڕۆشنبیر و نیشتمانپەروەر دەزانی، بەڵام کەس نەیپرسی و کەس دەنگی لێوە نەهات. ڕۆشنبیری، نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی بێدەنگییە؟ خۆ کوردەکانی جووی سلێمانی مرۆڤ بوون، خۆیان بە بەشێک لە شار دەزانی، کەس نەک ئەودەم دواتریش باسی نەکرد. نووسەری ئەم ڕۆمانە گلەیی هەیە و لە جێی خۆیەتی.
خەلتووز، بە ئارامیی کۆن، یان زمانی تەرجوم، بە واتای هێز یان پاراستن دێت، هەندێکیش واتای (خۆویست)ی پێ دەدەن. لەم ڕۆمانەدا باس لە بزاڤێک دەکرێت کە ویستوویەتی بێجیاوازیی دین، هەر کەسێک باوەڕی بەم نیشتمانە هەبێ لە دەوری یەکتری کۆببێتەوە و بیر لە پاراستنی نیشتمان و دانیشتووانی بکاتەوە کەچی سەر ناگرێت. میران ئابراهام پرسیار دەکات بۆ خەلتووز بەری نەگرت و پێمان دەڵێت: ئێستاش پێویستیمان بە خەلتووز هەیە.
جووەکانی کوردستان خۆیان بە بەشێک لەم نیشتمانە زانیوە بەڵام کوردی موسڵمان، جووی بە نامۆ بینیوە و منداڵی خۆی فێر کردووە نابێ لەگەڵ منداڵی کوردی جووی هاوشار و هاوزمانی خۆی بدوێت. بەڵام کە موسڵمانێک حەزی لە کچێکی جوو کردووە، ماڵباتی کیژەکە ڕازیی بوون موسڵمانێک ببێتە بەشێک لە ماڵباتیان. ئەوە ناچاری نەبووە بەڵکوو جۆرێک بووە لە تێگەیشتن بۆ ئەندامێتیی جڤاک و پێکهێنانی نیشتمان.
کوردی جوو، بە ناچاری کوردستانی بە جێ هێشتووە، هەندێکیان بە زۆرەملێ وەدەر نراوەن و لە شوێنێکی تر گیرساونەتەوە. ئەوان لەو شوێنەی داڵدە دراون ڕێزیان گیراوە بەڵام دڵیان هەر لای کوردستان بووە. لەو شوێنەی گیرسابوونەوە دەیانگوت:(وەزعمان باشە! جا قیمەتی چییە، وڵاتێکی بێگانە ڕێزت لێ بگرێت یان نەیگرێت، خۆزگە لە وڵاتەکەی خۆمان ڕێزمان لێ دەگیرا و جێگامان پێ لێژ نەدەکرا).
جووەکان ئەودەم دەرکران، ئەوان پێکهاتەیەیەکی ئەم جڤاکە بوون، بەشێکی مەسیحییەکان و ئێزدییەکانیش بە ناچاری کوردستانیان بە جێ هێشتووە بەڵام پێش ئەوەی بڕۆن دەیانگوت: (ئێمە هاوشێوەی نەمامێکین ڕەگمان لەم خاکە داکوتاوە، لێرە برۆین بێرەگ دەبین و باوەڕ ناکەم جارێکی تر لە هیچ شوێنێک سەوز ببینەوە. من وەک خۆم تەمەننام ئەوەیە ئەم نیشتمانە ببێتە دوا نزرگەم).
ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت کوردی موسڵمان لە ژێر کاریگەریی هزری داگیرکار، کوردستان بەس بە هی خۆیان دەزانن؛ (ئەم موسڵمانانە وا دەزانن کوردبوون بەرگێکە و تەنیا بە باڵای ئەوان براوە)، ئەوان کە کوردستان بەجێ دەهێڵن لە ناچارییە، دەنا دەیانگوت:(نامەوێت کوردستان بۆ موسڵمانە هەوەسبازەکان بەجێ بهێڵم)، کە بە پاسپۆرتی عێراقیش دەگەیشتنە وڵاتێکی ئارام دەیانگوت: ئێمە عێراقی نین، تەنیا جوویەکی کوردین.
سارا ژنێکی گەنجە وەک نیشتمانەکەی هەر چی ناخۆشی و نەبوونییە بینیویەتی، کەسی لە وڵات نەماوە، مێردی شۆڕشگێرە، دەتوانێت بڕوات و لە شوێنێکی ئارام بگیرسێتەوە، بەڵام ناڕوات، خۆی بە بەشێک لەم هەبوونە دەزانێت و پێی وایە دابڕان لە نیشیتمان کۆتایی بوونە. ئافرەتێک وەک سروشت کە ناتوانێ جێی بگورێت و لەسەر خاکەکەی سەر دەنێتەوە. ئەو بەشەی سەربوردەی سارا، ئەوەندە کاریگەرە، وەها باسی زامەکانی ژن، شار و نیشتمان دەکات کە خوێندنەوەی کارێکی سەختە. میران ئابراهام چۆن توانیویەتی ئەم هەموو دەردەداری و پەریشانییە بنووسێتەوە، دڵێکی گەورە، توانای دەربرینێکی باڵا و ویستێکی زۆری دەوێ.
نیشتمانی سارا ڕۆمانێکە شایانی پێزانین و پێویستە بخوێنرێتەوە.