عیزەت دووری لەتەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

"ئێستا عیزەت دووری لەلای هاوڕێکەی، سەدام حوسێن و هاوڕێکانی دیکەیەتی"

K24 - هەولێر

حیزبی بەعس درەنگانی شەوی رابردوو، کۆچی دوایی عیزەت دووری لە تەمەنی 78 ساڵی راگەیاند.

ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی بەعس لەڕێگەی راگەیەندراوێکەوە کۆچی دوایی عیزەت دووری راگەیاند. لە بەشێکی راگەیەندراوەکەشدا باس لەوە کراوە "ئێستا عیزەت دووری لەلای هاوڕێکەی، سەدام حوسێن و هاوڕێکانی دیکەیەتی".

عیزەت دووری، لەدایکبووی ساڵی 1942 و جێگری سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق بوو. لەماوەی حوکمی سەدامدا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بوو و پێش ئەویش چەندین پلە و پۆستی لە حیزبی بەعسدا هەبووە.

دوای رووخانی رژێمی سەدام لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە لە ساڵی 2003 و پاشان لەسێدارەدانی سەدام حوسێن لە ساڵی 2006، حیزبی بەعس رایگەیاند عیزەت دووری پۆستی ئەمینداری گشتیی حیزبەکەی پێدراوە.

لەدوای کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، 10 ملیۆن دۆلار لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە وەکو دیارییەک راگەیەنرا بۆ ئەو کەسەی زانیاری دروست لەسەر شوێنی عیزەت دووری ھەبێت، کە ناوی لەنێو لیستی 55 داواکراوەکەی ئەمەریکا ھەبوو.

لە راگەیەندراوەکەی دوێنێی حیزبی بەعس هۆکاری کۆچی دوایی عیزەت دووری ئاشکرا نەکراوە.

لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو، چەندین جار هەواڵی کوژران یان دەستگیرکردنی عیزەت دووری بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2015 عێراق کوژرانی عیزەت دووری لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە نزیک تکریت راگەیاند.

دواتر کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە گرووپێکی شیعەی سەر بە ئێرانە رایگەیاند پشکنینی DNAـی بۆ تەرمەکە دەکەن بۆ دڵنیابوون لە کوژرانی، کەچی دواتر هیچ ئەنجامێکی پشکنینەکەی رانەگەیاند.

بەپێی میدیاکانی عێراق، تەرمی عیزەت دووری دوێنێ (یەکشەممە، 25-10-2020) لە گۆڕستانێکی قەزای دۆر، شوێنی لەدایکبوونی لە پارێزگای سەڵاحەدین بە ئامادەبوونی کەسوکاری نێژراوە، کوردستان 24 ئەو زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.