مەسرور بارزانی: بەرنامەمان هەیە هەموو کوردستان ساڵی داهاتوو ببێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی لە سۆران ڕایگەیاند: ئەم پێنجشەممەیە پرۆژەی ڕووناکی لە شاری سۆران دەکەوێتە کار.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی و پشتیوانیی کردن لە لیستی 275 لە سۆران ڕایگەیاند: دەمەوێت ئەم موژدەیە بە خەڵکی سۆران بدەم، ئەم پێنجشەممەیە پرۆژەی ڕووناکی لە شاری سۆران دەکەوێتە کار و هەمووتان دەبن بە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
مەسرور بارزانی گوتیشی: بەرنامەمان هەیە هەموو کوردستان ساڵی داهاتوو ببێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە کێشەیەک بووە کە 30 ساڵە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەمجارە ئێمە توانیمان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.
مەسرور بارزانی گوتی: پێش ئەوەی بێمە ئێرە، بەشدار بووم لە کردنەوەی بەرزەپردی دەروازەی سۆران کە بەشێکە لەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی حکوومەتی هەرێمی کورستان بۆ ئێوە دەیکات، بەڵام لەبیرتان نەچێت ئەم حکوومەتە پارتی سەرپەرشتی دەکات، بۆیە خزمەتی ئێوە دەکات، ئەمە بەشێکە لەو پرۆژانەی کە هەمانە، بۆ ئەوەی ئاستی شارستانییەت لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بەرز بکەینەوە و بژێوی ژیانی خەڵک باشتر بکەین، خزمەتگوزارییەکان فراوانتر بکەین، ڕێگەوبان فراوان بکەین، ئەوەی کردوومانە لە دروستکردنی ژێرخانی ئابووری، بەشێکە لەو پرۆژانەی لە داهاتووشدا لەسەریان بەردەوام دەبین.
گوتی: ئەوەی کردوومانە لە پرۆژەی ڕووناکی، لە پرۆژەی هەژماری من، لە ئاو، لە پرۆژەکانی دیکە، لە بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە وەزارەتەکانی حکوومەت، هەموو بۆ ئەوە بووە خزمەتی هاووڵاتییان بکرێت.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان موژدەیەکی بە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دا و گوتی: پێم خۆشە موژدەیەک بە خوشک و برایانی خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بدەم لێرەوە، لە ماوەیەکی زوودا دەبنە خاوەنی کارەبای24 کاتژمێری.