داوا لە پەکەکە دەکرێت خاکی هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت
داوا لە پەکەکە دەکرێت رێز لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت
K24 – ھەولێر:
ھێرش و پەلاماری پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە توندی ھێرشەكەی پەكەكەی سەركۆنەكرد و پاڵپشتی واشنتنی بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە. پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان کێشەی بۆ هەزاران گوندشین درووستکردووە و بەشێکی زۆری ناچار کردوون ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێبێڵن.
بەزاندنی سنوور و ناکۆکی بەردەوامی پەکەکە لەگەڵ تورکیا لە ناو خاکی کوردستان، بەردەوام ماڵوێرانی و کارەساتی گەورەی بەدواوە بووە، كە تەنیا ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان لێی زەرەرمەندبوونە و قوربانی ناكۆكییەكانن و بەردەوام داوا لە چەكدارانی پەكەكە دەكەن شەڕ لە ناوچەكانیان دوور بخەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵكی خۆیان، بەڵام تا ئێستا پەكەكە ھەرگیز گوێی بە داوای خەڵكی كوردستان نەداوە و رێزی لە سەروەری خاک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەگرتووە.
دوا هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە چەمانکێ و تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا، بە واتای ھێرشكردنە بۆ سەر تەواوی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دێت و چاودێرانی سیاسی بەگرنگ دەزانن لایەنەكان ھاوھەڵوێست بن بۆ ئەوەی رێگە لە پیلان و ھەڕەشەكانی پەكەكە بگرن بۆ سەر دامەزراوە یاسایی و دەستورییەكانی ھەرێمی كوردستان.