قوباد تاڵەبانی: فرسەت سۆفی هی هەمووان بوو، لە هەمووان رۆیشت

جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كۆچی دوای پارێزگاری ھەولێر پەیامێكی بڵاوكردەوە

K24 – ھەولێر

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت "خزمەتکارێکی جوان و دڵسۆزی کوردستان و بە تایبەت هەولێرمان لێ رۆیشت، فەرسەت سۆفی هی هەمووان بوو، لە هەمووان رۆیشت".

لە پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی، ھاتووە: "فرسەت سۆفی نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو. دەستی هەبوو لە هەموو رێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی. کەسێک بوو نەدەترسا راستیەکان بە سەرووی خۆی بڵێ، نەشدەترسا هەڵوێستی جوامێرانە بنوێنێت".

دەقی پەیامی قوباد تاڵەبانی بۆ كۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر:

بە‌ڕێزان كە‌سوكار و بنە‌ماڵە‌ی كۆچكردوو كاك فرسە‌ت سۆفی

زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ خزمەتکارێکی جوان و دڵسۆزی کوردستان و بە تایبەت هەولێرمان لێ رۆیشت.

فرسەت سۆفی نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو. دەستی هەبوو لە هەموو رێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی. کەسێک بوو نەدەترسا راستیەکان بە سەرووی خۆی بڵێ، نەشدەترسا هەڵوێستی جوامێرانە بنوێنێت.

راستە کاک فرسەت سەرکردایەتی پارتی بوو، پارێزگاری هەولێر بوو، بەڵام تەنها هی هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، کاک فرسەت، هی هەمووان بوو و لە دەست هەمووان رۆیشت.

رۆحی شاد بێت.

قوباد تاڵە‌بانی

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران