دوو پەرلەمانتاری مەسیحی: دەستدرێژییەکەی کۆیە هەوڵێکە دژی هەموو پێکهاتەکان و مێژووی پێکەوەژیان
لە کاردانەوەی شێواندنی گۆڕستانی مەسیحییەکان لە کۆیە، دوو نوێنەری دیاری پێکهاتەکان لە پەرلەمان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم کارە تەنیا دژی مەسیحییەکان نییە، بەڵکو بە ئامانجگرتنی بنەماکانی فرەیی و پێکەوەژیانە، هاوکات پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ بڕیارە بەپەلەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەکە دووپات کردەوە.
ڕامی نووری سیاوش و د. جەیمس حەسدۆ هیدۆ، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان نیشان دا بەرانبەر ئەو کارە تێکدەرانەیەی کە بووەتە هۆی شێواندنی 15 گۆڕ لە گۆڕستانی مەسیحییەکان.
هەردوو پەرلەمانتار جەختیان لەوە کردەوە، کریستیانەکان بە هەموو لقەکانیانەوە (کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن) ڕەگ و ڕیشەیان لەم خاکەدا هەیە و پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی کوردستان و عێراقن.
بە بڕوای ئەو دوو نوێنەرە، ئەم دەستدرێژییە بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هەموو ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان بە فرەیی هەیە بەبێ جیاوازی، بەتایبەتی لە شاری کۆیە کە مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە تەبایی و پێکەوەژیاندا هەیە و خوێنی شەهیدە مەسیحییەکان شاهیدی ئەو ڕاستییەن.
ئەوان ڕووداوەکەیان بە هەوڵێکی ئاراستەکراو وەسف کرد کە ئامانجی لێدانە لەو مێژووە پرشنگدارە.
سەبارەت بە وەڵامی حکوومەت، نوێنەرانی پێکهاتەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ بەیاننامەی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەستە بە ڕاسپاردنی لایەنە ئەمنییەکان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفاف و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان، هەروەها بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکە بە هەنگاوێکی گرنگ و بەرز نرخێندرا.
ئەم هەڵوێستەی نوێنەرانی پێکهاتەکان لە کاتێکدایە کە شاری کۆیە، یەکێکە لەو شارانەی بە شاری پێکەوەژیان ناسراوە و مەسیحییەکان خاوەنی گەڕەک (وەک گەڕەکی قەڵات و هەرمۆتە) و دێری دێرینی خۆیانن، جەختکردنەوەی پەرلەمانتاران لەسەر پیلانی ڕووداوەکە، ئاماژەیە بۆ ئەو ترسەی کە دەستی دەرەکی یان تێکدەر هەوڵ بدات کەلێن بخاتە نێوان موسڵمانان و مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە بە پەناگەی ئارامی پێکهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.
