دۆناڵد ترەمپ: کۆچبەران وڵاتەکەمان ژەهراوی دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پەیامێکی نهێنی ئامێزی لە پلاتفۆرمی (تروس) بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ڕایگەیاندووە، من مامەڵە لەگەڵ ئەو شتانەدا دەکەم کە ئەمەریکا ژەهراوی دەکات. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتی (تروس)پۆستێکی کردووە، ڕایگەیاندووە، هەر شتێک ببێتە مایەی ژەهراوی بوونی وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی گونجا ڕووبەڕووی دەبینەوە، تا ئێستا ڕوون نییە کە بە تەواوی لەم لێدوانەدا مەبەستی چی بووە، بەڵام پێشتر دەستەواژەی "ژەهراویبوون"ی بەرانبەر بە کۆچبەران بە شێوەیەکی دوژمنکارانە بەکارهێناوە.

دۆناڵد ترەمپ، لە دوای دەستبەکاربوونییەوە، هەوڵی توندکردنەوەی هەڵوێستی حکوومەت لە بەرانبەر کۆچبەران لە ڕێگەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دیپۆرتکردنەوە دەدات، بەردەوام یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گوتاری دۆناڵد ترەمپ کۆچبەری بووە، چ لە سەردەمی سەرۆکایەتیی و چ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەکاندا.

لە دیارترین لێدوانەکانیدا دۆناڵد ترەمپ، کۆچبەرانی بە (داگیرکەر) و (کوشتنی ژەهراوی ئەمەریک)باسکردووە، هاوکات چەندین جار زمانێکی توندی بەکارهێناوە بۆ قسە کردن لە بارەی کۆچبەرانەوە، لەوانە "کۆچکردن خوێنی ئەمەریکا ژەهراوی دەکات، (داگیر دەکرێین) و من مامەڵە لەگەڵ ژەهراویکردنی ئەمەریکا دەکەم.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، چەندین جار جەختی لەسەر نیازی خۆی کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی گەورەترین هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە لە مێژووی ئەمەریکادا، لە دوایین هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا، بەڵێنی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بە قەبارەیەکی بەرفراوان دا.

هاوکات لە دیارترین بەڵێنەکانیدا دروستکردنی دیوارێک بوو بەدرێژایی سنووری باشوور لەگەڵ مەکسیک، و فشارخستنە سەر مەکسیک بۆ ئەوەی پارەی بۆ دابین بکات (کە هێشتا ڕووی نەداوە)، ترەمپ دیوارەکەی بە بەشێکی سەرەکی لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئەمەریکا دەزانێت.