د. پەرێز نەجمەددین كەریم
نووسەر
عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان: هاوبەشی چاکسازی یان مشتومڕ لەسەر سەروەری؟
لەگەڵ بەردەوامیی لاوازیی ئەدای دامەزراوەیی و دابەزینی متمانەی گشتی، مشتومڕ سەبارەت بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق سەری هەڵداوەتەوە؛ ئایا هاوبەشی چاکسازییە یان دەستێوەردانێکە سەروەریی نیشتمانی پێشێل دەکات؟
دوای زیاتر لە دوو دەیە لە گواستنەوەی سیاسی عێراق، بنیاتنانی دامەزراوەکان وەک کلیلی سەقامگیریی سیاسی و گەشەسەندنی بەردەوام لە پێشەنگی گوتاری گشتیدا دەمێنێتەوە. ئێستا عێراق خاوەنی دامەزراوەی دەستووریە و حکوومەتێکی هەڵبژێردراو و چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە. بەڵام تەحەدای ڕاستەقینە لە کاریگەری ئەم دامەزراوانە و توانای بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیان و چەسپاندنی متمانە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدایە.
قەیرانی بەردەم دەوڵەتی عێراق، چیتر تەنها نەبوونی پێکهاتەی بەهێز نییە، بەڵکو لاوازیی ئەدای دامەزراوەیی و سەریەککەوتنی دەسەڵاتەکانی دادوەری و بەردەوامبوونی گەندەڵی ئیداری و داراییە.
ئەم کێشانە نەک هەر کاریگەرییان لەسەر کارایی خزمەتگوزارییە گشتیەکان هەیە، بەڵکو خودی بناغەی سەروەری یاسا تێک دەدەن و ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی هەیە. لەبەر ڕۆشنایی ئەم تەحەددایانە، پرسیارێکی ڕەوا سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پشتیوانیکردنی عێراقدا سەرهەڵ دەدات: ئایا ئەم ڕۆڵە پێویستییەکی نیشتمانییە یان دەستێوەردانێکی ناڕەوا؟ هەندێک لە ڕەخنەگران دەڵێن کە بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانییە، بە ئاماژەدان بە ئەزموونەکانی ڕابردوو کە دەستێوەردانی نێودەوڵەتیی پەیوەست بووە بە سەپاندنی ئەجێندای دەرەکییەوە؛ بەڵام ئەم ئارگومێنتە چاوپۆشی لە ڕاستییەکی بنەڕەتی دەکات؛ پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای حکوومەتی عێراق و لە چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون لەسەر بنەمای بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان و ڕەزامەندییە فەرمییەکان بوو، ئەمەش وایکردووە زیاتر هاوشێوەی هاوبەشییەکی تەکنیکی بێت نەک جۆرێک لە سەرپەرشتیی سیاسی.
ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پاڵپشتی هەمەچەشنیان پێشکەش كرد کە تیشکیان خستووەتە سەر بوارە هەستیارەکانی دامەزراوەیی؛ لەوانە، پەرەپێدانی ئیدارەی گشتی، بەرەوپێشبردنی یەکپارچەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پشتیوانیی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.. هەروەها بەشدارن لە بنیاتنانی تواناکانی دامەزراوە دادوەری و چاودێرییەکان، کە هەوڵی دامەزراندنی سەروەریی یاسا و بەرزکردنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان بوو. حاشا هەڵنەگرە کە ئەم شارەزاییە نێودەوڵەتییە توانی هەوڵە نیشتمانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە. بۆیە کاتێک ئەولەوییەتی نیشتمانی ڕوون و سەرکردایەتیی دامەزراوەیی کاریگەر هەبێت، ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە تەواوکەر و پشتیوان، نەک جێگرەوەیەک بۆ بڕیاردانی نیشتمانی.
عێراق، ئەمڕۆ لە قۆناغێکدایە کە پێویستی بە گۆڕانە لە پشتبەستن بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جێبەجێکردنەوە بۆ بایەخدان بە هاوکاریی تەکنیکی و بنیاتنانی توانا درێژخایەنەکان.
ئەوەی پێویستە ئیدارەدانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان نییە لە دەرەوە، بەڵکو بتوانن بە شێوەیەکی کارا و سەربەخۆ کار بکەن. ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە و یاسای کاریگەر و لێپرسینەوەی جددی هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی هەر چاکسازییەکی دامەزراوەیی.
مەبەست لە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوە بوو کە فاکتەری پشتیوان و تەواوکەر بێت نەک جێگرەوەی دەوڵەت. بۆیە ئەوەی ڕوو دەدات دەبێت گواستنەوەیەکی ورد و پلان بۆ داڕێژراو بێت لە هاوبەشی نێودەوڵەتییەوە بۆ پشتبەستن بە دامەزراوەكانی.
کۆتاییهاتنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا، پێویستە وەک قۆناغێکی پێگەیشتنی دەوڵەت سەیر بکرێت نەک کشانەوەی پشتیوانی.. ئەگەر گواستنەوەکە پلانی بۆ دابنرێت و لەسەر دامەزراوە بەهێزەکان بنیات بنرێت، ئەوا سەروەری و سەقامگیریی بەرز دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر بەبێ ئامادەکاری بێت، دەتوانێ بۆشایی دامەزراوەیی دروست بکات کە قەیرانەکان لەبری تێپەڕاندنی قووڵتر دەبێتەوە، كەئەمەش پێشبینی كراوە بۆ عێراقی ئەمڕۆ.